کەجەکە: تورکیا دەیەوێت لە ڕێی پارتی و بنەماڵەى بارزانییەوە کەرکوک داگیر بکات

کەجەکە ڕایدەگەیەنێت" دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت لە ڕێی پارتی و بنەماڵەى بارزانییەوە کەرکوک داگیر بکات". 

کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکە دەربارەی ڕووداوەکانی کەرکوک و دەیرەزوور، ئەمڕۆ پێنج شەممە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە" دوای هێرشەکانی داعش، عێراق و سووریا بە پشێوییەکی مەزندا تێپەڕین، تا ئێستاش سەقامگیر نەبوون، ئێستەش کەرکوک و دێرەزوور ڕادەکێشرێنە نێو گرژی و شەڕێکی نوێ". 

ئەوەش هاتووە" دیارە گرژییەکانی کەرکوک و دێرەزوور خۆڕسک نییە، ئەم گرژییە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە سەردانی هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیاوە هەیە کە ٢٢-٢٤ی ئاب سەردانی بەغدا و هەولێری کرد، لێدوانەکانی تەیب ئەردۆغان و هاکان فیدان لە هەردوو گۆڕەپانەکە، لە هەمان کاتدا نیاز و چاوەڕوانییەکانی دەوڵەتی تورک دەردەخەن". 

کەجەکە ڕاشیگەیاندووە" لە کەرکووک، کورد و عەرەب و تورکمان و ئاشووری-سووریانی و ئەرمەن، سەدان ساڵە پێکەوە دەژین، هاکان فیدان و تەیب ئەردۆگان ناوی وەک زێدی تورک و شاری تورکمان بەسەر شارەکەدا دەبڕن، تاوەکو ئامانجە داگیرکاری و کۆڵۆنیاڵیستییەکانیان بشارنەوە، پارتی و بنەماڵەی بارزانی بەکار دەهێنن، ئەم ساڵانەی دوایی دەیانەوێت کەرکوک بکەنە ناوەندی سیخوڕێتی میت و ئیستیفزاز و ڕەوایەتیدان بە داگیرکاریی و نیشتەجێبوون لە باشووری کوردستان،. کەرکوک هەر لە کۆنەوە چەندین ئیتنیک و باوەڕ و چاندی جیاوازی لە نێو خۆیدا هەڵگرتووە، بە هەوڵی تورکیا خەریکە دەکرێتە ناوەندی شەڕ و گرژیی". 

لە بەشێکی دیکەی بڵاوکراوەکەی کەجەکە هاتووە" بەرەی تورکمانی و بەرپرسانی پارتی ڕاستەوخۆ لەگەڵ میت کار دەکەن، هەوڵ دەدەن ڕەوایەتی بدەنە دیکتاتۆرییەتی ئەردۆغان و دەوڵەتی تورکیا کە لە ناو جڤاکی عێراق و حکومەتی بەغدا بێ نرخە". 

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

"هاکان فیدان بانگەشەی ئەوەی کرد، ئەو شەڕەی لە کەرکووک هەڵگیرسا و بەهۆیەوە چوار کەس مردن، بە دەستپێشخەریی پەدەکە بووە. هەروەها ئەردۆغان، وەختێک لە ڕوسیا دەگەڕێتەوە، سەبارەت بە شەڕ و گرژییەکانی دێرەزوور ڕایگەیاند، پێشهاتێکی زۆر باش و گونجاوە، بەم شێوەیە پشتیوانی خۆی دەربڕیی بۆ ئەو چەتانەی ئەم شەڕەیان دەست پێکردووە.

دەوڵەتی تورک لە عێراق و سوریا، مافی سەروەری هەردوو وڵاتەکە پێشێل دەکات و لە هەردوو وڵاتەکەدا لە ئاستی داگیرکاریدایە، وەک داگیرکردنی قوبرس لە ساڵی ١٩٧٤، دەیەوێت داگیرکاری خۆی لە عێراق و سووریا بەم شێوەیە درێژە پێ بدات. هاکان فیدان ئەوکاتەی سەرۆکی میت بوو، کوشتن و کۆمەڵکوژیی و هەموو جۆرە ڕێبازێکی شەڕی قێزەون و ئیستیفزازی بەکار دەهێنا، ئێستە ئەم کارە قێزەونانەی بە ناوی وەزیری دەرەوە و لە ژێر ناوی دیپلۆماسیەت درێژە پێ دەدات.

بەرەی تورکمانی و پەدەکە ڕاستەوخۆ لەگەڵ میت کاردەکەن

لە کەرکووک، کورد و عەرەب و تورکمان و ئاشووری-سووریانی و ئەرمەن، سەدان ساڵە پێکەوە دەژین. هاکان فیدان و تەیب ئەردۆگان ناوی وەک "زێدی تورک” و "شاری تورکمان” بەسەر شارەکەدا دەبڕن؛ تاوەکو ئامانجە داگیرکاریی و کۆڵۆنیاڵیستییەکانیان بشارنەوە، پەدەکە و بنەماڵەی بارزانی بەکار دەهێنن. ئەم ساڵانەی دوایی دەیانەوێت کەرکووک بکەنە ناوەندی سیخوڕێتی میت و ئیستیفزاز و ڕەوایەتیدان بە داگیرکاریی و نیشتەجێبوون لە باشووری کوردستان. کەرکووک هەر لە کۆنەوە چەندین ئیتنیک و باوەڕ و چاندی جیاوازی لە نێو خۆیدا هەڵگرتووە، بە هەوڵی تورکیا خەریکە دەکرێتە ناوەندی شەڕ و گرژیی.

بەرەی تورکمانی و بەرپرسانی پەدەکە ڕاستەوخۆ لەگەڵ میت کار دەکەن. هەوڵ دەدەن ڕەوایەتی بدەنە دیکتاتۆرییەتی ئەردۆغان و دەوڵەتی تورک کە لە ناو جڤاکی عێراق و حکومەتی بەغدا بێ نرخە.

تورکیا لە ڕێگەی هەندێک کەسایەتی تورکمانەوە کە کردوونی بە چەتە و لە بندەستی خۆیدان، هەروەها بە پشتگیری بنەماڵەی بارزانی، دەیەوێت فشار لە ئیدارەی بەغدا بکات. کەرکووک شارێکی ناوازە و دەوڵەمەندە، بە مێژوو و ڕاستی جڤاکی و هەمەڕەنگییەکەی خاوەنی ئەزموونێکی ژیانە. بۆیە نابێت ڕێگە بدرێت دەوڵەتی فاشیستی تورک و هاوپەیمانەکانی شارێکی ئاوا ناوازە بکەنە گۆڕەپانی کرێخۆری و بەڕێوەبردن و کەرەستەی دەسەڵاتی خۆیان. پێویستە گەلانی کەرکووک لە بەرامبەر هەموو جۆرە دەستوەردانێکی دەرەکی و دژی ئەو سیاسەتە داگیرکاریانەی دەیانەوێت گەلان بدەن بەگژ یەکتردا هەڵوێست وەربگرن، بناغەی ژیانی هاوبەشیان و ئیدارەی خۆیان بەهێز بکەن و کەرکووک بکەنە قەڵای ئاشتی و برایەتی و دیموکراسی و ئازادی. خۆیان ڕێکبخەن و تێکۆشان بکەن.

دابەشکردنی کەرکووک بۆ سەر خاک و گەڕەک و بیروباوەڕ و ئیتنیک و نفوس و ژمارەی دانیشتووان، موزایەدەیەکە بۆ داهاتی نەوت، ئەمەش کەرکووک، هەروەها عێراق دەخاتە نێو قەیرانەوە.

گەل، ئیتنیکی جیاواز، باوەڕ و ئایینی جیاواز، ژنان و گەنجانی کەرکووک توانای ئەوەیان هەیە پێکەوە ژیانێکی هاوبەش لە کەرکووک بنیات بنێن، لەنێو ئاشتی و ئارامیدا ئیرادەی ژیان پیشان بدەن و خۆیان بەڕێوە ببەن.

ئەوانەی ئاشتی و ئارامیان بۆ کەرکووک دەوێت، تاکە کارێک بتوانن بیکەن ئەوەیە، دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک لە عێراقدا بوەستنەوە. دەبێت ٩٠ قەرەقۆلەکەی تورک لەسەر خاکی عێراق دەربکرێن. تورکیا هەولێری کردووە بە باخچەی پشتەوە، بۆیە دەبێت هەڵوێستێک لە دژی هەژموونی ئابووری و چاندی و سیاسی تورکیا بەسەر باشووری کوردستاندا پیشان بدرێت. پاش ئەوەی داگیرکاریی دیکتاتۆریەتی ئەردۆعان و دەوڵەتی تورک لەسەر خاکی عێراق کۆتایی هات و لە کەرکووک دوور خرایەوە، ئەوکات ئارامی لە عێراق، کەرکووک، سوریا، لیبیا، هەروەها لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوین دێتە کایەوە”.


PM:03:10:07/09/2023