سەندیكای كارمەندانی تەندروستی هۆشداری "پەكخستنی دەوام" دەدات


لقی سلێمانی سەندیكای كارمەندانی تەندروستی هۆشداری دەدەنە حكومەتەكانی عێراق و هەرێم كە ئەگەر لەماوەی 72 كاتژمێردا كێشەی مووچەیان بۆ چارەسەر نەكەن، كەرتی تەندروستی پەكدەخەن.

هاوژین عوسمان، سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای كارمەندانی تەندروستی كوردستان ئەمڕۆ یەكشەممە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "ئێمە 72 كاتژمێر مۆڵەت دەدەین بەعێراق‌و هەرێم، ئەگەر موچەی مانگەكانی 7و 8 دابەش نەكرێت، ئەوا سێكستەری تەندروستی پەكدەخەین، ئێستاش دەواممان كردوە بەنیوە، لەهەندێ شوێن دوو ڕۆژو لەهەندێك شوێنیش سێ ڕۆژ دەوامە".

هاوژین عوسمان ئاماژەی بەوەداوە "لێرەوە داوا لەهەردوو حكومەتی عێراق‌و هەرێم دەكەین هەرچی زوە دابەشكردنی موچە دەستپێبكەن ئەگەرنا لەم سێ ڕۆژەدا هەواڵی دڵخۆشكەرمان نەدەنێ، ئەوا سێكتەری تەندروستی دادەخەین لەهەرێمی كوردستان، دوو مانگ و 20 رۆژە (166) بنكەی تەندروستیمان داخستووەو ئەنجومەنی وەزیران وەڵامێكی بۆ ئێمە پێ نیە".

تائێستا مووچەی مانگەكانی تەموز و ئابی فەرمانبەرانی هەرێم دابەش نەكراوە، بەشێك لە فەرمانگەكانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەش بایكۆتی دەوامیان كردووە.



PM:01:02:10/09/2023