کەشناسی و بوومەلەرزەی عێراق زانیاری روودانی بوومەلەرزەیەکی بە‌‌‌هێز رەتدەکاتەوە


دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق پێشبینییەکانی پڕۆفیسۆرێکی عێراقی رەتکردەوە کە پێشبینی ژمارەیەک بوومەلەرزەی وێرانکاری لە رۆژانی ١٤ و ١٥ـی ئەم مانگە لە عێراق رووبدات. 

دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق ئەمڕۆ ١٢ ئەیلول بڵاویکردەوە کە پێشبینییەکانی ساڵح محەممەد عەوەز، پڕۆفیسۆری عێراق، کە پێشبینیی ئەوەی کردووە ١٤ و ١٥ مانگ بوومەلەرزەیەکی بە‌هێز و وێرانکەر عێراق بگرێتەوە، راستنییەوە و دەڵێت "لە زانستی زەویناسیدا شتێکی زۆر ئەستەمە پێشبینی رووداوی زەمینلەرزە بکرێت، زۆر کات ئەو کەسانەی پێشبینییان کردووە دوای روودانی بوومەلەرزەکان دەردەکەون، زۆر جاریش پێشبینیی زۆریان کردووە و هیچ رووینەداوە، بۆیە ئێمە دڵنیایی دەدەینە هاووڵاتیانی عێراق کە روودانی زەمینلەرزەی وێرانکەر لە عێراق تەنیا پڕوپاگەندەیە و ئەوەی دەگوترێت پێشبینیی خۆیانە و هیچ بنەمایەکی زانستی نییە."
 
لە چەند رۆژی رابردوودا پڕۆفیسۆر ساڵح محەممەد عەوەز، مامۆستای زانکۆ و شارەزای زانستی زەویناسی، پێشبینیکردبوو رۆژانی، ١١ و ١٤ و١٥ ، ٢١، ٢٢، ٢٣، ٣٠ ی ئەم مانگە زەمینلەرزەی بەهێز لە عێراق رووبدەن و ئەو رۆژانەی بە مەترسیدارترین رۆژەکانی ئەم مانگە ناوهێنابوو".
 
کەشناسی و بوومەلەرزەی عێراق، ئاماری مانگی ئابی بوومەلەرزەکانی بڵاوکردەوە کە لەو مانگەدا ١٩ زەمینلەرزە لە عێراق روویانداوە، گوڕەکانیان لەنێوان ٢،١ بۆ ٣،٣ پلە بە پێوەری رێختەر بووە.
 



PM:04:23:12/09/2023