تەیموری ئەنفال دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لە یەكێتی راگەیاند

تەیموری ئەنفال کە یەکێکە لە تاقانەکانی ئەنفال لە نامەیەکدا دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە یەکێتی ڕاگەیاند. 

تەیمور عەبدوڵا ناسراو بە تەیموری ئەنفال راوێژكاری مەكتەبی سكرتاریەتی مام جەلال، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لە نامه‌یه‌كدا كه‌ ئاراسته‌ى قوباد تاڵەبانی، هاوكات سه‌رپه‌رشتیارى مه‌كته‌بى سكرتاریه‌تى مام جه‌لالیشی کردووە، دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لە یەكێتی ڕاگەیاند و دەڵێت" چیتر پەیوەندیم بە یەكێتیەوە نەماوە لە رووی حزبی و كۆمەڵایەتی و سیاسیەوە". 

هەروەها ئەو تاقانەیەی ئەنفال لە پۆستێكیشدا ڕایگەیاندووە" هەرچی کەسوکاری ئەنفال کراوم و شەهید  هەیە بە قوڕبانی یەک تاکە قۆنەرە فڕێدراوەکانی سەدام حسین بن، بەندە بۆ لەمەودوا ڕێبازی بەعسی بوون هەڵئەبژێرم، پێم وایە  بەعسی بوون جێگەی شانازیە، کوردەکان ئێوەش ڕوڕەشی دنیا و و قیمامەت بن بە ڕاستی ڕووی سەدام حسین تان سپی کرد". 

تائێستا هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەی تەیموری ئەنفال ڕوون نییە و نازانرێت لەسەرچی وازی لەو حزبە هێناوە، بەڵام پێدەچێت هۆکارەکەی پەیوەندی بە گۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی - یەوە هەبێت. 


AM:10:10:23/09/2023