پارێزگاری سلێمانی داوای زوو دابەشكردنی مووچە دەكات


د. هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات بەزووترین كات دەست بە دابەشكردنی مووچە بكات.

د.هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی ئەمڕۆ یەكشەممە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین بە زویی دەست بە دابەشكردنی موچە بكات و بەهیچ جۆرێك لەبەر هیچ هۆكارێك لە هیچ دۆخێكدا موچەی فەرمانبەران رانەگرێت، چونكە راگرتنی موچەی فەرمانبەران ئەو ئامانجە دەهێنێتە پێشەوە كە ئێستا بوەتە مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێمی كوردستان، دەیانەوێت خەڵكی ناوخۆی خۆمان بكەن بەگژ حكومەتەكەی خۆماندا بۆیە نابێت حكومەت هیچ كەمتەرخەمی و بێباكییەك بكات".

پارێزگاری سلێمانی وتی "تەنها ئەوە خەڵكەكان نین كە سەرگەردان بوون و 90 رۆژە موچەیان وەرنەگرتووە، بەڵكو بازاڕ و ژیانی گشتی و خوێندنگەكان وەستاون، زۆر سوپاسی جوامێری و خۆنەویستی كۆی فەرمانبەر و دامودەزگاكانی سلێمانی بكەین كە نەیانهێشتوە خزمەتگوزاریەكان بوەستێت، بەڵام بەراستی كاریگەری كردوەتە سەر ژیانیان". 




PM:02:39:24/09/2023