كوڕێكی وەستا حەسەنی كەبابچی: كوژرانی براكەم پەیوەندی بە گیان لەدەستدانی باوكمەوە نییە


كوڕێكی وەستا حەسەنی كەبابچی رایدەگەیەنێت، گیانلەدەستدانی باوكیان كە "گوللەی لەدەست دەرچوو" هیچ پەیوەندی بە روداوەكەی شەوی رابردوەوە نییە كە برایەكی لەلایەن كەسێكەوە تەقەی لێكراوە و گیانی لەدەستدا.

محەمەد كوڕی وەستا حەسەنی كەبابچی ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "شەوی رابردوو لە روداوێكی تەقەكردندا برایەكم گیانی لەدەستدا و برایەكی دیكەشم برینداركرا ئەویش وەكو مردوو وایە و خودا داویەتییەوە و دوو گوللە بەجەستەیەوەیەتی، دەمانەوێت بكوژی براكەم لەسێدارە بدرێت و لە زیندان نەهێلێدرێتەوە و قەڵەو بكرێت".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد "شەوی رابردوو دوو براكەم بەرەو ماڵەوە هاتونەتەوە و دواتر ئەو كەسە جنێوی پێداون و میلی دەمانچە دەخاتە سەر سەری براژنم و براكەم بۆی دادەبەزێت و ئەو كوڕەش سەرەتا گوللە دەنێت بە رۆژی برامەوە و دواتر دوو گوللەش دەنێت بە دیلانی برامەوە، ئێمە زوڵممان لێكراوە و دەمانەوێت یاسا تۆڵەمان بكاتەوە".

هەروەها وتویەتی "ئێمە ئەو كەسە ناناسین كە تەقەی لە براكانم كردوە و پێشتر بەهیچ جۆرێك نەمانبینیوە، ئێستا تەندروستی برا بریندارەكەم باشە، لە شوێنی روداوەكەش 14 قەوانی فیشەكی دەمانچە هەڵگیراوەتەوە".

محەمەد روونیكردۆتەوە "باوكم لە ماڵی خۆماندا بوو 34 رۆژ بەر لە ئێستا لە بەرەبەیاندا دوای ئەوەی نوێژی بەیانی كرد چوە ژورەكەی خۆیی و گوللەی لەدەستدەرچوە و ئەو روداوە رویدا و هیچ پەیوەندیەكی بە روداوەكەی شەو رابردوەوە نییە".



PM:12:04:29/09/2023