وەزارەتی تەندروستی ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

وەزارەتی تەندروستی لەبارەی چەند نەشتەرگەرییەک رونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە، و تێیدا ئاماژە بە نادروستی هەواڵیکی چەند میدیایەک دەکات.

ئەمڕۆ شەممە ٣٠ی ئەیلولی ٢٠٢٣،وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند: بڕیاری قەدەغەکردنی کڕین و فڕۆشتنی پێداویستی بە نایاسایی کە بێنە ناو نەخۆشخانەی حکومی و بیفڕۆشن بە هاووڵاتیان دراوە، وتەواوی ئەو تۆمەت و پڕوپاگەندانە ڕەتدەکەینەوە و ڕایدەگەیەنین کەوا ڕاگرتنی نەشتەرگەری دوورە لە ڕاستی و تەنها شێواندنی ڕاستیەکانە بۆ مەرامی چەند بەرژەوەندخوازێک".


دەقی رونکردنەوەکەی وەزارەتی تەندروستی:

ڕونکردنەوەیەک بۆ هاوڵاتیانی خۆشەویست …

بەداخەوە چەند پەیجێکی سۆشیاڵ میدیا بابەتێکیان بڵاوکردیتەوە گوایە وەزارەتی تەندروستی ڕێگرە لە ئەنجامدانی چەند نەشتەرگەریەک بەبێ ئەوەی بڕیارەکە بخوێننەوە یان ڕای فەرمی وەزارەت وەربگرن …

بۆ ئەم مەبەستە تەواوی ئەو تۆمەت و پڕوپاگەندانە ڕەتدەکەینەوە و ڕایدەگەیەنین کەوا ڕاگرتنی نەشتەرگەری دوورە لە ڕاستی و تەنها شێواندنی ڕاستیەکانە بۆ مەرامی چەند بەرژەوەندخوازێک.

ڕاستیەکەی بەمەبەستی ڕێگەگرتن لە دیاردەیەکی نایاسایی کە لە چەند نەخۆشخانەیەک و فریاکەوتن سەرپێچی دەکرا لەلایەن چەند کەسێک کەوا نەخۆش ناچار دەکرا کڕینی پێداویستی نەشتەرگەری و دیاردەی کڕین و فڕۆشتن لەناو نەخۆشخانەی حکومی لەگەڵ هاوڵاتیان بکەن بەبێ هیچ ڕێکارێک و ڕەزامەندی فەرمی.

وەزارەتی تەندروستی بڕیاری قەدەغەکردنی ئەو سەرپێچیەی داوە و ڕێگە دەگرێت لە بەرژەوەندی کرین و فڕۆشتنی پێداویستی بە نایاسایی کە بێنە ناو نەخۆشخانەی حکومی و بیفڕۆشن بە هاووڵاتیان.

حکومەتی هەرێمی کوردستان بوودجەی تایبەتی مانگانەی تەرخانکردووە و پێویست ناکات نەخۆش خۆی دابینی بکات، لێرەوە وەزارەتی تەندروستی جەخت لە دابینکردنی پێداویستیەکان دەکاتەوە لەسەر ئەرکی حکومی نەوەک پێشێلکردنی مافی نەخۆش و کڕینی لەلایەن هاوڵاتیانەوە.

لەهەمان کاتدا جەخت دەکەینەوە لەسەر ئەنجامدانی سەرجەم نەشتەرگەریەکان لە کەرتی گشتی و نەخۆشخانەی حکومی. دیاردەی ناچارکردنی نەخۆش و ناردنی بۆ نەخۆشخانەی ئەهلی قەدەغەیە و سەرپێچیکاران ڕووبەڕووی یاسایی دەبنەوە.

بە پێویستمان زانی بەرچاوڕوونی و دەقی بڕیارەکە بڵاوبکەینەوە بۆ هاوڵاتیانی خۆشەویست پشانی بدەین کەوا هیچ نەشتەرگەریەک باسی قەدەغە نەکراوە بەڵکو ئەو بڕیارە لە دژی بەرژەوەندی کەسانێکە کەوا سەرپێچی دەکەن بە وەرگرتنی پارە لە هاوڵاتیان و فڕۆشتنی پێداویستی ئەنجام دەدەن لەناو نەخۆشخانە لەهەمان کاتدا لە سۆشیاڵ میدیا هەوڵ دەدەن بابەتەکە بشێوێنن بەئاڕاستەی مەرامی خۆیان ببەن.


PM:08:20:30/09/2023