ئەمڕۆ یەکشەممە لە میسر هێرشکرایە سەر پاسێکی گەشتیاری و لانیکەم سێ هاوڵاتی ئیسرائیلی کوژران و سنووری نێوان هەردوو وڵاتیش داخران.
بەپێی هەواڵی میدیاکانی میسر، ئەمڕۆ لە شاری ئەسکەندەرییە پۆلیسێکی میسر تەقەی لە پاسێکی گەشتیاری ئیسرائیلی کردووە کە بەهۆیەوە لانیکەم سێ هاوڵاتی ئیسرائیلی کوژران و کەسانی دیکەش برینداربوون.
ئاماژە بەوەش دەکەن، لە ئەنجامی ڕووداوەکە هاتووچۆی نێوان سنووری میسر و ئیسرائیل لە ڕێگەی دەروازەی ئەلعوجە وەستاوە و لێكۆڵینەوەکان لەبارەی هۆكاری كوشتنی گەشتیارەكان دەستیپێكردووە.
گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان هێزەکانی حەماسی فەڵەستینی و سوپای ئیسرائیل بەردەوامی هەیە و بەپێی ئامارێکی وەزارەتی تەندروستی ئیسرائیل، ژمارەی گیان لەدەستدانی هاوڵاتییانی ئیسرائیل بۆ (٣٠٠) کەس بەرزبووەتەوە و تا ئێستاش نزیکەی (٧٥٠) کەس بێسەروشوێنن و ١٠٠ کەسیش کە منداڵیشیان لە نێویاندا لەلایەن چەکدارانی فەلەستینیەوە گیراون.
لای خۆیەوە دەسەڵاتدارانی کەرتی غەززە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند، ٣١٣ کەسیان کژراون کە ٢٠ یان منداڵن و نزیکەی هەزار و ٩٩٠ کەسیش برینداربوون کە پێدەچێت لە ئەنجامی هەڵمەتەکانی ئیسرائیلدا ژمارەی قوربانییەکان بەرزبێتەوە.