پلاسخارت: پێویستە پارێزگاری لە مووچەی موچەخۆرانی هەرێم بکرێت

نێرده‌ی تایبه‌تی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان له‌ عێراق ڕایدەگەیەنێت" دەبێت پارێزگاری لە مافی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بکرێت و تێکەڵ بە سیاسەت نەکرێت".

جینین پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ لە میانی پێشکەشکردنی وتارێکدا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایگەیاند" ڕێککەوتنی حکومەتی عێراق و هەرێم لەسەر قەرز مووچەی فەرمانبەران ئەرێنییە، بەڵام بەس نییە و پێویستە پارێزگاری لە مەفەکانیان بکرێت و ئەم بابەتە تێکەڵ بە کێشە سیاسییەکان نەکرێت

ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی سودانی لە ماوەی ساڵێکدا لە دوای پێکهێنانیەوەی کابینەکەی هەنگاوی گرنگ و دەستپێشخەری گرنگی خستۆتەڕوو ئەوەشی کە گرنگە هەنگاوەکانی چاکسازی لە کەرتی دارایی و بانکیدا بووە. 

پلاسخارت ڕاشیگەیاند" حکومەتی فیدراڵ پابەندە بە بنەماکانی یاسا نێودەوڵەتییەکان و ڕێز لە ڕێککەوتن و پەیماننامەکان و بڕیارەکانی نەتەوەیەکگرتوەکان دەگرێت". 

نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان لە عێراق لەبارەی پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان وتی" دەبێت لایەنەکان دڵنیایی بدەن کە رۆژی نوێی هەڵبژاردن نەبێتە قوربانی ناکۆکییە سیاسییە نێوخۆییەکان". 

جەختیشیکردەوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بەڕێوەبردنەی ئێستا هەیە کە کاربەڕێکەرە، پێویستە پڕۆسەی دیموکراسی هەرێمەکە سەرکەوتن بەدەستبهێنێت. 

پلاسخارت لە درێژەی قسەکانیدا سەبارەت بە ئێران و تورکیا وتی" حکومەتی عێراق هەوڵی داوە بۆ دەستەبەرکردنی دۆخی سنووری ئێران و تورکیا و ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ ئێران دەچێتە چوارچێوەی دیالۆگەکان بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان، پێشوازی لە هەوڵەكانیشی دەكەین سەبارەت بە لیژنە دووقۆڵییەكانی نێوان عێراق و توركیا". 

ناوبراو لە کۆتایی وتارەکەیدا باسی لەوەشکرد، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان پێویستییەکی گرینگە بۆ هەموو عێراقییەکان و پێویستە هەمووان ڕۆڵی خۆیان بگێڕن لە پاراستنی سەقامگیری لە ماوەی پێش هەڵبژاردنەکاندا، لەوانەش هەوڵدان بۆ بەرەنگاربوونەوەی زانیاری ناڕاست و چەواشەکارانە. 


PM:06:45:10/10/2023