نێچیرڤان بارزانی: کارکردنی هاوبەشی یەکێتی و پارتی پێویستی بە رێککەوتنی نوێیە

سەرۆکی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" حکومەتی هەرێم بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران بە شەفافیەتیەوە کاری لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ کردووە نابێت ئەم بابەتە ببێتە هەواڵی میدیاکان"، دەشڵێت" کارکردنی هاوبەشی نێوان پارتی و یەکێتی پێویستی بە رێککەوتنی نوێیە". 

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان (ماوە بۆدرێژکراوە)، ئەمڕۆ سێشەممە لە میانی بەشداریکردنی پانێڵێکی دیداری مێری وتارێکی پێشکەشکرد و لەبارەی کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی ڕایگەیاند" یەكێتی و پارتی پەیوەندییەكانیان هێندە خراپ نییە كە نەتوانین چارەسەری بكەین و دەبێت رێككەوتنی واقیعی لە نێوان هەردوولادا هەبێت". 

وتیشی" کارکردنی هاوبەشی یەکێتی و پارتی پێویستی بە رێککەوتنێکی کاغەزییە هاوشێوەی ئەوەی لە سەردەمی مام جەلال کرا و بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ سەقامگیری بۆ هەرێم دابین کرد". 

ئاماژەی بەوەشکرد، بەیەکەوە توانیان دەستکەوتی زۆر بە دەستبهێنن، تەنانەت بۆ عێراقیش کۆ دەنگی نێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستان گرنگە. 

بارزانی لەبارەی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداد نێچیرڤان وتی" ئەو مامەڵەیەی بەغداد دەیكات لەگەڵ هەرێم هەموو شتێكە بەس فیدراڵی نییە، جگەل ەوەش مووچە مافی سەرەتایی مووچەخۆرانی هەرێمە هاوشێوەی مووچەخۆرانی عێراق و لۆژیكی نییە تائێستا باس لە ناردنی مووچە لە بەغدادەوە دەكرێت". 

ڕاشیگەیاند" نابێت هاتن و نەهاتنی مووچە ببێتە هەواڵی میدیاکان، بۆیە لەسەر لایەنەکانی بەغداش پێویستە وەکو حکومەتی هەرێم بەرگری لەو مافەی فەرمانبەرانی هەرێم بکات". 

لەبارەی ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ تورکیا باسی لەوەکرد، بەردەوام لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی فڕۆکەخانەی سلێمانی گفتوگۆ دەکەن و تاوتوێکردنی ئەو پرسە بەردەوامە.

هەروەها نێچرڤان بارزانی لەبارەی شەڕی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین وتی" فەلەستینییەکان مافی خۆیانە دەوڵەتیان هەبێت، ئەم کێشەیەش بە شەڕ چارەسەر ناکرێت و پێویستە بە گفتوگۆ و دانیشتن چارەسەر بکرێت". 

دیداری مێری کە ساڵانە لەلایەن پەیمانگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە سازدەکرێت، بەیانی ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حکومی و حزبی و توێژەران دەستپێکرد و بڕیارە تا سبەینێ بەردەوامی هەبێت و لە دیدارەکەدا تاوتوێی چەندین تەوەری جیاواز دەکرێت. 


PM:07:01:10/10/2023