یەکێتی ئەوروپا هۆشداری دەدات بە کۆمپانیاکانی سۆشیال میدیا

یەکێتی ئەوروپا بە گوشار خستنە سەر کۆمپانیا چالاکەکانی بواری سۆشیال میدیا، داوای لێکردن کە مامەڵە لەگەڵ هەواڵی ساختە سەبارەت بە شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل بکەن و لە هەمان کاتدا پەیڕەوی لە ڕێساکانی ئەم یەکێتییە بکەن.

کەناڵی ئێران ئەنتێرنەشناڵ بڵاوی کردۆتەوە کە یەکێتی ئەوروپا لە داواکاری جیاوازدا ئەوەی خستەروو کە نەسڕینەوەی" ناوەڕۆکی ساختە و تاوانکاری و ناوەڕۆکی پشتیوانی لە گروپی حەماسی فەلەستینی وەک پێشێلکردنی یاسای خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکانی ئەوروپا لێکدەدرێتەوە، کە غەرامەکردنی قورس بەدوای خۆیدا دەهێنێت".

هەروەها رایگەیاندووە" بەپێی یاساکانی یەکێتیی ئەورووپا گروپە چەکدارەکانی حەماس ڕێکخراوێکی تیرۆریستییە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پابەندن بە لابردنی هەر ناوەڕۆکێک کە پەیوەندی بە پشتیوانی لەم گرووپە هەبێت".

بەگوێرەی هەواڵدەریی فەرەنسا ٢٤، دوێنێ هەردوو کۆمپانیای مێتا و ئیکس وەڵامی نامەکەی تیێری بریتۆن، کۆمیساری یەکێتی ئەوروپایان داوەتەوە و ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەو ناوەڕۆکە کە پێشێلی یاساکانی ئەم یەکێتییە دەکات لەم تۆڕانە لابراوە.

ئەم داواکاریانە دوای بڵاوبوونەوەی ڕێژەیەکی بێ وێنە لە زانیاری ناڕاست و هەواڵی ساختە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەبارەت بە شەڕی بەردەوامی ئیسرائیل و حەماس ڕوویانداوە.

ئەو کۆمپانیانەی کە ئەم یاسایە پێشێلکات، دەبێت لەسەدا شەشی کۆی داهاتی ساڵانەی جیهانی خۆیان وەک غەرامە بدەنە یەکێتی ئەوروپا.

یاسای خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکانی یەکێتی ئەوروپا کە لەم دواییانەدا پەسەندکرا، کۆمپانیاکانی سۆشیال میدیا پابەند دەکات بە خێرایی ناوەڕۆکی نایاسایی وەک هاندانی توندوتیژی یان پڕوپاگەندە بۆ ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان لە پلاتفۆرمەکانیان لاببەن و بڵاوبوونەوەی زانیاری ناڕاست سنووردار بکەن.



PM:05:17:14/10/2023