ئەمریکا دووەم کەشتی فڕۆکەهەڵگری بۆ هاوکاری ئیسرائیل دەنێرێت

دووەم کەشتی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکا بۆ هاوکاری ئیسرائیل بەرەو رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست نێردرا.

ڕۆژی شەممە١٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ وەزیری بەرگری ئەمریکا، لۆید ئۆستین لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە فەرمانی ناردنی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری( یو ئێس ئێس ئایزنهاوەر) بۆ ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستی کردووە بۆ ئەوەی ڕێگری لە هەر چالاکییەک لە دژی ئیسرائیل بکرێت.
ناردنی ئەم کەشتییە فڕۆکە هەڵگرە هاوکاتە لەگەڵ ئەگەری هێرشی زەمینی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر غەززە.

ئۆستین لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەی بەوەدا کە بەهێزبوونی هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست نیشاندەری پابەندبوونی ئەمریکایە بۆ ئاسایشی ئیسرائیل.

ئەمریکا دوای هێرشی بەرفراوانی چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، گرووپی کەشتیی فڕۆکە هەڵگری (یو ئێس ئێس فۆردی ) ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست کرد.

سوپای ئیسرائیل ڕۆژی شەممە (١٤ی ئۆکتۆبەر) ڕایگەیاند کە ئامادەکاری دەکات بۆ جێبەجێکردنی پلانی هێرشی ئۆپەراسیۆنی بەرفراوان لە کەرتی غەززە.


 بەرەبەیانی٧ی ئۆکتەبەری ٢٠٢٣ لە هێرشێکی لەناکاوی فەلەستین بۆسەر ئیسرائیل، شەڕی نێوان فەلەستینییەکان و ئیسرائیلییەکان دەستی پێکرد و تا ئێستاش بەردەوامە و کاردانەوەی وڵاتانی جیهانی لێکەوتۆتەوە.



AM:09:25:15/10/2023