وەزارەتی پلاندانانی عێراق: پیاوان زۆتر لە ژنان مۆبایل بەکار دەهێنن

لە راپرسییەکی وەزارەتی پلاندانانی عێراق کە سەبارەت بە بەکارهێنانی مۆبایل ئەنجامی داوە، دەرکەوتووە پیاوان زیاتر مۆبایل بەکار دەهێنن وبەغدا لە پلەی یەکەمدایە.

 

وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق عەبدولزەهرا هنداوی، لە بەیاننامەیەکدا رایدەگەیەنێت، "مەکتەبی ناوەندیی ئامار ڕاپرسییەکی لەسەر بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا و ئامێرەکانی پەیوەندیکردن بۆ ساڵی ٢٠٢٢ ئەنجامداوە، تێیدا هاتووە کە ٨٦٪ هاووڵاتییانی عێراقی کە تەمەنیان لەسەرووی ٥ساڵەوەیە مۆبایل بەکاردەهێنن، هاوکات بەکارهێنانی تەلەفۆن لەنێو پیاواندا دەگاتە ٩٠٪ ولەناو ژنان رێژەکەی ٨١٪ە".

 

لە ڕاپرسییەکەدا دەرکەوتووە، رێژەی ئەو کەسانەی مۆبایل بەکارناهێنن تەنها ١٤٪ بووە، دەشڵێت، "رێژەی بەکارهێنانی مۆبایل لە پارێزگای بەغداد زۆرترین بووە و گەیشتووەتە ٩٧٪ و دوای ئەویش پارێزگای نەجەف دێت بە رێژەی ٩٣.٥٪ و بەسڕەش رێژەکەی بە چەند پۆینتێک کەمترە لە ٩٣٪، هاوکات پارێزگای کەرکوک پلەی چوارەمی گرتووە بە رێژەی ٩٢٪".

 

وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەشڵێت، "هەرچی سەبارەت بە هەبوونی ئینتەرنێتە ئەنجامی ڕاپرسییەکە ئاماژە بە زیادبوونی ڕێژەی سەدی ئەو خێزانانە دەکات کە هێڵی ئینتەرنێتیان لە ناو ماڵدا هەیە و گەیشتووەتە ٨٧٪ و دەرکەوت کە ڕێژەکە لە شارەکاندا گەیشتووەتە ٩٢٪ و لە گوندەکانیش گەیشتۆتە ٨٣٪".



PM:01:41:20/10/2023