وادەی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن دیاری دەکرێت

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق  ناوی کاندیدانی جێگرەوە و دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی دیاریکرد.

سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمسیۆنی عێراق عیماد جەمیل،  لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە" کۆمسیۆن لە هەفتەی یەکەمی مانگی تشرینی دووەمدا پەسەندکردنی ناوی کاندیدەکان رادەگەیەنێت، بۆ ئەوەی لە هەمان هەفتەدا بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێبکات".

عیماد جەمیل هەروەها رایگەیاندژمارەی ناوەندەکانی دەنگدان بۆ دەنگدانی گشتی حه‌وت هەزار و ١٦٦ ناوەندە، و ژمارەی بنکەکانی دەنگدانی گشتی ٣٥ هەزار و ٥٥٣ بنکەیە، هاوکات ژمارەی ناوەندەکانی دەنگدانی تایبەت ٥٦٥ ناوەندە، هەروەها ژمارەی بنکەکانی دەنگدانی تایبەت دوو هەزار و ٣٦٧ بنکەیە و هەموو هێزەکانی ناوخۆ و بەرگری و ئۆرگانەکانی دیکە دەگرێتەوە".

سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمیسیۆنی عێراق رایگەیاند" ناوەندەکانی دەنگدان و وێستگەکان لەلایەن فەرمانبەرانی دەوڵەت و خوێندکارانی زانکۆ و دەرچووان بەڕێوەدەبرێن، و ئەم ژمارانەش ژمارەی کۆتایین کە دەتوانرێت دواجار پەسەندبکرێن، و لەلایەن ٢١٤ هەزار و ٥٩٥ فەرمانبەرەوە بەڕێوەدەبرێن.

ئەوەش لە کاتێکدایە، حکومەتی عێراق ١٨ی کانونی یەکەمی ئەمساڵی وەک وادەی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق دیاریکردووە.




PM:02:42:20/10/2023