عێراق.. ٧٥ کەس بەهۆی بانگەشە بۆ حیزبی بەعس دەستگیر دەکرێن

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ٧٥ کەسیان دەستگیر کردووە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بانگەشەیان بۆ بەعس کردووە .
 
ئەمڕۆ سێشەممە ٢٤ی تەشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند"بە مەبەستی پارێزگاریکردن لە سەقامگیریی کۆمەڵایەتی و دەستگیرکردنی هەموو ئەوانەی دەیانەوێت شڵەژان لەنێو کۆمەڵگە دروست بکەن، دوای چاودێریکردن و بەدواداچوون و وەرگرتنی رەزامەندیی دادوەرەکان، تیمەکانمان ئەو کەسانەیان لە پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، ئەنبار، سەڵاحەدین و قادسییە بە پێی یاسائ ژمارە ٢٣ی ساڵی ٢٠١٦ دەستگیرکردووە". 
 
ئاسایشی نشتیمانی عێراق بڵاویکردۆتەوە" ئەو کەسانە وێنە و ڤیدیۆیان لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکان بڵاوکردووەتەوە، کە هانی حیزبی بەعس دەدات و بانگەشەی بۆ دەکات."
 
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ رووبەڕووبونەوەی حیزبی بەعس لە عێراق ژمارەیەک داواکاری لە دەزگا ئەمنییەکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و وەزارەتی بەرگریی و ناوخۆ و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی کردووە "لەوانە: دەستگیرکردنی سەرکردەکانی حیزبی بەعسی قەدەخەکراو، کاراکردنی یاسای قەدەخەکردنی حیزبی بەعس، هاوئاهەنگی لەنێوان دەزگا هەواڵگرییەکان، هاککردن و  شکاندنی هەژمارە ئەلیکترۆنییەکانی سەر بە بەعس، زیادکردنی هەوڵە هەواڵگرییەکان بۆ بەدواداچوونی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئەوانەی کە بەشداریی خۆپێشاندانەکان دەکەن بۆ رێگەگرتن لە زیادکردنی توانای بەعسییەکان و ئەو لایەنانەی بەکاریدەهێنن".
 
پەرلەمانی عێراق له ‌دانیشتنی رۆژی شەممە ٣٠ - ٧- ٢٠١٦، پڕۆژە یاسای قەدەخەكردنی حیزبی بەعسی هەڵوەشاوە و سەرجەم حیزب و چالاكییە تووندڕەوەكان و تیرۆریستییەكانی پەسندكرد



PM:09:05:24/10/2023