بۆردوومانەکانی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان ژێرخانی ئابووری پەکخستووە

بۆردوومانەكانی توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان، ژێرخانی ئابووری پەكخستووە و بەهۆیەوە زیانی زیاتر لە ملیارێك دۆلاری لەو ناوچە داوە.

ئەحمەد ئیبراهیم، بەڕێوەبەری کێڵگە نەوتییەکانی رمێلان لە رۆژئاوای کوردستان بۆ (نۆرس پرێس) ڕایگەیاند" بەهای زیانەکانی ژێرخانی ئابووری، بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە بۆ سەر ناوچەکانی ڕۆژئاوا، یەک ملیار دۆلار تێدەپەڕێنێت". 

ڕاشیگەیاندووە" کۆی گشتی سەرجەم زیانەکان، بەپێی نرخە نێودەوڵەتییەکان، نرخی نەوت و غاز، وێستگەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوە، تێچووی دووبارە ئاوەدانکردنەوەی و ئەو زیانانەی لە ئەنجامی وەستانی بەرهەمهێنانەوە دروست دەبن، بەهای زیانەکانی بە زیاتر لە یەک ملیار و ٢٧٠ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی دەخەمڵێنرێت".

خۆبەڕێوەبەری باکوور و رۆژھەڵاتی سوریا لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند" لە سەرەتای ئەم مانگەوە  تورکیا لە ماوەی ھەفتەیەکدا ٢٢٤ شوێنیان لە باکوور و رۆژھەڵاتی سوریا بۆردوومانکردووە کە بەشێکیان دامەزراوەی خزمەتگوزاریین و بەشێکیان وێستگەی سووتەمەنین". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەھۆی بۆردومانەکانەوە ٤٧ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٥٥ کەسی دیکەش برینداربوون.



PM:09:41:24/10/2023