وەزارەتی شەهیدان: نموونەی خوێن لە کەسوکاری ١٧١ ئەنفالکراو بۆ ناسینەوەی ناسنامەیان وەردەگیرێت

 وەزارەتی کار و باری شەهیدان و ئەنفالکراوەکان لە رۆژی یەکشەممەوە ناوی کەسوکاری ئەنفالکراوان لە سنووری چەمچەماڵ و کەلار تۆمار دەکەن و سامپڵی خوێنیان لێوەردەگیرێت و سودیان لێوەردەگرن بۆ ناسینەوە و هێنانەوەی رووفاتی ١٧١ ئەنفالکراو بۆ هەرێمی کوردستان.  

عادل مەلا ساڵەح، وتەبێژی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوەکان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە"پێشتر توانا زانستییەکانی حکومەتی هەرێم لە ئاستی پێویستدا نەبوو. لای حکومەتی عێراقیشەوە هەندێک ئاستەنگی تەکنیکی دروست دەکرا و داوایەکی یاسایی بەشێکی کەم لە کەس و کاری ئەنفالکراوەکانیش کە خۆیان بە خاوەنی ڕووفاتەکان دەزانی، هۆکاربوون بۆ نەهێنانەوەی ڕووفاتەکان بۆ هەرێم. حکومەتی هەرێم ئاستەنگەکانی تێپەڕاندووە، بۆیە پاش ڕاوێژ لەگەڵ سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و کەسوکاری ئەنفالکراوەکان، بڕیاری هێنانەوەی ڕووفاتی١٧١ ئەنفالکراوەکە بۆ هەرێمی کوردستان دراوە"

عادل مەلا ساڵەح دەڵێت" لە ڕۆژی یەکشەمەوە ناوی کەسوکاری ئەنفالکراوەکان تۆمار دەکرێن، تا سامپڵی خوێنیان لێوەربگیرێت و سودیان لێوەربگیرێت بۆ ناسینەوەی ناسنامەی ڕووفاتەکان".

هەروەها رایگەیاند" ناوی کەسوکاری ئەنفالکراوەکان لە سنوری چەمچەماڵ و کەلار تۆمار دەکرێت، دواتر تیم دەنێردرێت بۆ وەرگرتنی سامپڵی خوێن لێیان یاخود خۆیان دەبرێن و لە جێگەیەکی دیاریکراو خوێنیان لێوەردەگیرێت".

لە مانگی ٧ی ساڵی ٢٠١٩، ڕووفاتی ١٧١ ئەنفالکراو لە گۆڕێکی بە کۆمەڵی بیابانی سەماوەی پارێزگای موسەنا دەرهێنران، لەوکاتەوە ڕووفاتەکان لە پزیشکی دادی بەغدان و تا ئێستا بۆ هەرێمی کوردستان نەهێنراونەتەوە.

نەهێنانەوەی ڕووفاتی ئەو ١٧١ ئەنفالکراوە بۆ هەرێمی کوردستان، ناڕەزایەتی کەسوکاری ئەنفالکراوەکانی لێکەوتووەتەوە.



PM:08:06:28/10/2023