هونەرمەند (سامان یاسین) باری تەندروستی ناجێگیرە

هونەرمەند سامان یاسین خەڵکی کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەهۆی مانگرتنی لە خواردنی دەرمانەکانی باری تەندروستی ناجێگیرە. 

بەپێی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕۆژی هەینی ڕابردووەوە سامان سەیدی ناسراو بە سامان یاسین، ڕاپەر و ئاوازدانەری کوردی تەمەن (٢٧) ساڵ و خەڵکی شاری کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە ڕێگری کاربەدەستان و بەرپرسانی بەندیخانەی قەزڵحیساری کەرەج لە ڕەوانەکردنی بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوەی بەندیخانە، دواخستنی دادگا و بەردەوامی گوشارە جەستەی و دەروونییەکان بۆسەر ناوبراو، مانی لە خواردنی دەرمانەکانی گرتووە و ئێستاش باری تەندروستی ناجێگیرە.

هەنگاو ڕاشیگەیاندووە" وێڕای ناجێگیربوونی دۆخی سامان و پەرەگرتنی نەخۆشی میزی خوێناوی و ماسوولکە ڕەقی، هیچ هۆکار و پاساوێک بۆ بەردەوامی دەستگیرکردنی نییە". 

سامان یاسین بە بەرپرسانی بەندیخانەی قەزەڵحیساری ڕاگەیاندووە" لە ئەگەری پێڕانەگەیشتن بە دۆسیەکەی لە ڕووی یاسایی، هەروەها ئەگەر لە ڕووی تەندروستیشەوە چارەسەری بۆ نەکرێت، بەردەوام دەبێت لە مانگرتن و نەخواردنی دەرمانەکانی". 

سامان سەیدی ناسراو بە سامان یاسین، گۆرانیبێژ و ڕاپەڕی خەڵکی کرماشان دانیشتووی شاری تاران، ڕۆژی ٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢ بەهۆی پشتیوانیکردنی لە ناڕەزایەتییەکانی ئێران، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە ماڵەکەی خۆی دەستگیرکرا. 

سامان یاسین چەندین گۆرانی کوردی لەسەر دۆخی بێکاری، زوڵم و زۆرەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران بڵاوکردووەتەوە، هەروەها لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی لە ئینستاگرام بە بڵاوکردنەوەی چەندین پۆست و ستۆری پشتیوانی خۆی لە شۆڕش و سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەربڕیووە. 
 


PM:11:06:29/10/2023