وەزارەتی تەندروستی هەرێم کۆمپانیاکان و کارگەکانی دەرمان ئاگادار دەکاتەوە

وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند" هەر كۆمپانیایەک یان  كارگەكانی دروست كردنی دەرمان لە سەری ساڵی نوێەوە ئەگەر بەرهەمەکانی دەرمانسازی و پزیشكیان  بەبێ‌ ستیكەری نوێ‌ بێت سزا دەدرێن" 

وەزارەتی تەندروستی هەرێم راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا سەرجەم کۆمپانیاکانی هاوردەکردنی بەرهەمی دەرمانسازی و پزیشکی و کارگە ناوخۆییەکانی دروستکردنی بەرهەمی دەرمانسازی و بەرهەمی پزیشکی ئاگادار كردۆتەوە کە ئەگەر لەسەری ساڵی نوێەوە بەرهەمەکانیان ستیکەری نوێ نەبێت سزا دەدرێن.

 وەزارەتی تەندروستی هەرێم رایگەیاندووە" لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و تەندروستی هاووڵاتیان، ئاگاداری گشت کۆمپانیاکانی هاوردەکردنی بەرهەمی دەرمانسازی و پزیشکی و کارگە ناوەخۆییەکان دەکەینەوە بەمەبەستی گەڕاندنەوەی گشت ئەو بەرهەمە دەرمانسازی و پزیشکیانەی، کە بێ ستیکەرن یاخود ستیکەری کۆنیان لەسەرە بیگەڕێننەوە بۆ کۆگاکانیان.
ڕاشیگەیاندووە" دوای ئەوە بەرهەمەکانیان بە لیستێک، کە ئەم زانیاریانە لەخۆ بگرێت (Item name,quantity, batch number,current process) پێشکەش بە بەڕێوەبەرایەتی كۆنتڕۆڵ كردنی دەرمان و پێداویستی پزیشكی بکەن بۆ دروستکردنی ستیکەری نوێ بۆیان دواتر بەرهەمەکانیان بە بازاڕ بکەنەوە".


هەروەها وەزارەتی تەندروستی رایگەیاندووە"  دوا مۆڵەت رێکەوتی ١٠-١٢-٢٠٢٣ و دوای ڕێکەوتی (٢/١/٢٠٢٤) هەر بەرهەمێکی دەرمانسازی و پزیشکی بەبێ ستیکەری نوێ بوونی هەبێت لە کۆمپانیا و کۆگاکانی دەرمان و دەرمانخانەکان و کارگە ناوخۆییەکانی دروستکردنی بەرهەمی دەرمانسازی و پزیشکی بە نایاسایی هەژمار دەکرێت و دەستی بەسەردادەگیرێت و ڕێکاری یاسایی توند بەرامبەر سەرپێچیکار دەگیرێتە بەر". 



PM:07:42:07/11/2023