هاوسەرۆکی گشتی هەدەپ: ئەوەی لە ئیمراڵی روودەدات لە هیچکوێ جیهان بوونی نییە

هاوسەرۆکی گشتیی (هەدەپ ) تولای هاتیمئۆگیولاری ڕایگەیاند" لە ئیمراڵی گۆشەگیرییەکی نا مرۆڤانە بوونی هەیە، کات کاتی قسەکردنە و کردەوەیە لە پێناو ڕزگاری کۆمەڵایەتیمان". 

هاتیمئۆگیولاری  هاوسەرۆکی گشتی ( هەدەپ)بەرامبەر بە گۆشەگیری لە ئیمراڵیش ناڕەزایەتی دەربڕی و ڕایگەیاند"  بۆ ئەوەی دەرگا بەڕووی چارەسەری دیموکراتیکدا بکرێتەوە، ئێمە درێژە بە تێکۆشانی خۆمان دەدەین. لە ڕاستی دا لەوێ تاوانێکی نێونەتەوەیی ئەنجام دەدرێت، دژایەتی یاسا و سزای مرۆڤایەتی دەکرێت، لە هیچ وڵاتێکی جیهاندا نییە کە هیچ زانیارییەک لە بارەی مرۆڤێکی زیندانییەوە بەردەست نەبێت، ڕوو لە وەزیری داد دەکەم، بە جێبەجێکردنی بڕیاری گرتنە بەری ڕێکار کە لەلایەن کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەرچووە و زیاتر لە ساڵێکی بەسەردا تێپەڕیوە، بۆچی هەنگاوێکی ئەوتۆ نە گیراوەتە بەر، لەو بابەتەدا دەبێت دەستبەجێ ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن".

هەروەها هاتیمئۆگیولاری رایگەیاند" داوا لە کۆمیتەی ڕێگری لە ئەشکەنجەی ئەنجوومەنی ئەورووپا (سی پی تی) دەکەم، ئەرکی خۆیان بە جێ بگەیەنن و سەردانی ئیمراڵی بکەن و دۆخی دوورگەکە بۆ ڕای گشتیی ئاشکرا بکەن". 

تولای  لە نیوان قسەکانیدا هەڵسەنگاندنی بۆ شەڕی ئیسرائیل و فەلەستین کرد و وتی" کە جیهان تەنیا سەیری شەڕەکە دەکات، جەختی کردەوە هاوسۆزن لەگەڵ گەلی فەلەستین و زۆر جار وتوومانە، جارێکی دیکە دەیڵێینەوە، تا ئێوە درێژە بە ڕێککەوتنە بازرگانی و سەربازییەکانتان لەگەڵ ئیسرائیل بدەن، ئێوە ناتوانن هیچ شتێک بکەن، ئێوە ناتوانن شان بە شانی گەلی فەلەستین بوەستنەوە". 

هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپ ناڕەزایەتی بەرامبەر بە دەسەڵاتداری ئاکەپە- مەهەپە نیشاندا و ڕایگەیاند" لە دۆخێکدا کە لە تورکیا کێشەی کورد لەبەرچاوە و ڕوون و ئاشکرایە، گوێ بۆ بانگەوازەکانی ئاشتی ناگرن، ئایا ئێوە باسی کامە ئاشتی و دان بە خۆدا گرتن دەکەن؟، ئەردۆغان لە بارەی شەڕی ئیسرائیل – فەلەستینەوە دەڵێت شەڕ ویژدانی گەلان هەڵدەتەکێنێت،  ئەوە کەسەی بە شەو و ڕۆژ کوردان بۆردوومان دەکات، سەرۆککۆماری ئەم دەسەڵاتەیە و ئەم قسانە دەکات". 



AM:12:35:08/11/2023