حزبی تەقەدوم بڕیاری دەستلەکاركێشانەوە لە حکومەت و بایکۆتی پەرلەمان دەکات

حزبی تەقەدوم کە حەلبوسی سەرۆکایەتی دەکات، وەزیرەکانی لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەستیانلەکاركێشاوە، هەرچی پەرلەمانتارەکانیانە کە ٤٠ پەرلەمانتارە بایکۆتی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان و سەرۆک و جێگری لیژنەکان دەکەن.

دوای بڕیاری دادگای فیدراڵی بە سەندنەوەی سەرۆک و ئەندامێتی پەرلەمان لە محەمەد حەلبوسی، حزبی تەقەدوم کە گەورەترین هاوپەیمانی سونەیە لە پەرلەمانی عێراق و لە ٧٠ پەرلەمانتار خاوەنی ٤٠ پەرلەمانتارە، بڕیاری بایکۆتی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان.

هەروەها بڕیاریان داوە کە وەزیرەکانیان لە کابینەکەی سودانی بکشێنەوە کە پێکدێن لە : د. محەممەد عەلی تەمیم، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری پلادانان،  د. خالید بەتال، وەزیری پیشەسازی و کانزاکان،  د. ئەحمەد فەکاک بەدرانی، وەزیری رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوار.

بڕیارە سبەی چوار شەممە هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت کە حزبی تەقەدومیش یەکێکە لە پێکهێنەرەکانی کۆببنەوە بۆ تاوتوێ کردنی ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی.

ئەوە لە کاتێکدایە کە لە نێو سونەکاندا ناکۆکی زۆر هەیە و حەلبوسیش لەلایەن چەندان کوتلەی نێو سونەکانەوە دژایەتی دەکرێت.

ئەمڕۆ سێ شەممە دادگای فیدراڵی تاوانی " ساختەکاری " لە دۆسیەی پەرلەمانتارێکی سونەدا خستە پاڵ محەمەد حەلبوسی و لە میانەی ئەو بڕیارەدا پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و ئەندامێتی پەرلەمانی لێسەندرایەوە.

بڕیاریشە سبەی چوارشەممە پەرلەمانی عێراق کۆبێتەوە بەبێ حەلبوسی بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێکی گرنگ لە نێویاندا درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانە. 

   



PM:11:47:14/11/2023