"پێنج گروپ و تاقمی تیرۆریستی داعش لە هەرێم ئاشکرا کران و ئەندامەکانیان دەستگیرکران"

بەڕێوەبەرایەتی ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند،  "پێنج گروپ و تاقمی تیرۆریستی داعش لە هەرێم ئاشکرا کران و ئەندامەکانیان دەستگیرکران، سێ ئەمیریش دەستگیردەکرێت و شکست بەمەرامەکانیان دەهێنرێت کە پیلانیان دانابوو لەچەندین شاری هەرێم کردەوەی تیرۆریستی ئەنجامبدەن".

ئەمرۆ هەینی ١٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، بەڕێوەبەرایەتی ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم بڵاویکردەوە، "لەبەرئەنجامی بەدواداچوونی ورد و چاودێری دۆخی ئەمنی هەرێم کوردستان زانیاری سەرەتایی دەست هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم کەوت کە تیرۆریستانی داعش پیلانیان داناوە بۆ ئەنجامدانی چەندین کردەوەی  تیرۆریستی لەچەند شارو ناوچەیەکی جیاجیا".

ئەوەشخراوەتەڕو، پاش رەزامەندی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێم لە هەریەک لەشارەکانی سلێمانی ، گەرمیان ، هەڵەبجە  ، شارەزوور و ناوچە دابڕێندراوەکان ژوری ئۆپەراسیۆن پێکهێنرا و دەستبەکاربوون بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و چاودێریکردنی هەموو جموجۆڵەکانی تیرۆریستانی داعش .

باس لەوەشکراوە، سەرئەنجام پاش پێنج مانگ کارکردنی بەردەوامی هێزەکانیان، زانیاری وردیان لەسەر شانە نەنستوەکانی تیرۆریستانی داعش دەستکەوت و تەواوی جموجۆڵەکانیان  لە شارەکانی هەرێم خرانە ژێر چاوێری وردەوەو دواتر ناسنامەی ئەندامانی گروپەکان و شوێن و مانەوەیان دەستنیشانکران .

لە راگەیەنراوی دەزگای ئاسایشی هەرێم ئەوەش رونکراوەتەوە، دوای رەزامەندی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، لە دەیان ئۆپەراسیۆندا ٥٥ تیرۆریست کە ئەندامی  تۆڕو گروپە نوستوەکانی  داعش  بوون لە کەرکوک ، سلێمانی ، گەرمیان ، هەڵەبجە ، سەیدسادق ، شارەزوور ، پێنجوێن دەستگیرکران کە سیانیان ئەمیر و تیرۆریستی هەرەتاوانبارن دەستگیرکران.


PM:09:19:17/11/2023