دوو گەنجی کورد کە لە ئێران رفێندرابوون ئازاد دەکرێن

دوای پێنج رۆژ لە رفاندنی دوو گەنجی کورد لە ئێران، لە بەرامبەر ١١ هەزار دۆلار ئازادکران.

دوو گەنجی تەمەن ٢٠ ساڵان بە ناوەکانی( ئاکار بەڕێز و رەوا جەعفەری) ١٦ی ئەم مانگە لە رێگەی دەروازەی پەروێزخان، بۆ وەرگرتنی چارەسەری نەشتەرگەریی لووتی دەچنەوە ئێران، بەڵام لەلایەن باندێکەوە دەڕفێندرێن.

گەنجەکان بە توڕی میدیایی رووداویان راگەیاندووە" لە لایەن باندیکی چەکدارەوە ئێمەیان زنجیر کرد، ملی ئێمەیان زنجیر کرد، قاچیان زنجیر کردین، ئێمە پێمان وتن چیتان دەوێت، وتیان ئێمە بەس پارەمان دەوێت".

هەروەها رایانگەیاندووە" لەو پێنج رۆژەی کە رفێندرابوون بەردەوام لەلایەن ئەو کەسانەوە ئازار دەدران و لە دۆخێکی سەختدا بوون".

کەسوکاری ئەم دوو گەنجە بڕی ١١هەزار دۆلاریان لەڕێگەی هەژمارێکی بانکی لە تورکیا بۆ باندەکە ناردووە، باندەکەش دوای دڵنیابوونەوە ئینجا دوو گەنجە کوردەکەیان ئازادکردووە. گەنجەکان رۆژی دووشەممە، ٢٠ی تشرینی دووەم ئازادکراون و بەیانیی رۆژی سێشەممە گەڕێندراونەتەوە هەولێر.

 

 



PM:09:39:21/11/2023