هەولێر.. دوو تۆمەتبار لەسەر بانگەشەی "بەدڕەوشتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان" دەستگیر دەکرێن

دوو تۆمەتبار لەلایەن هێزەكانی ئاسایشی هەولێر دەستگیركران كە "خاوەنی چەند کەناڵێکی بەدڕەوشتین لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بانگەشەی بەدڕەوشتی دەکەن". 

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٢ی تشرینی دووەمی٢٠٢٣ رایگەیاند" ماوەیەکە چەند کەسانێک دور لەڕەوشت و دابونەریت و بەها کۆمەڵایەتییەکان بەشێوەی (راستەوخۆ/لایڤ) لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بانگەشەیان بۆ کاری بەدڕەوشتی و هەڕەشەیان لە خەڵک دەکرد".

بەڕیووەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر رایگەیاند" دوای ئەنجامدانی بەدواداچون لەلایەن هێزەکانمانەوە، بە بڕیاری بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر توانیمان دو تۆمەتبار بە ناوەکانی (ز. م. ع.) و (أ. ق. أ.)، دەستگیربکەین، لە لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە کە خاوەنی چەند چانێڵێكن لە تۆڕی تێلێگرام بە ناوەکانی (ریکۆردی هەڕەشەکان لێرەیە، ڤیدۆی کچەکەی ک، ژنم هەیە بۆ…، CTS).

ئاسایش دەڵێت "تۆمەتباران گرتەڤیدیۆی چەندین ژن و پیاویان لایە و لە بەرامبەر پارە یان کارتی مۆبایل بۆ کەسانی دیكەیان رەوانەکردووە، هاوكات بازرگان و بەکارهێنەری مادەی هۆشبەریش بوون".

لە کۆتاییدا ئاسایشی هەولێر داوای لە هاوڵاتیان کردووە هەر کەس سکاڵای یاسایی لەسەر ئەو كەسانە هەیە لەڕێگای دادگاوە دەتوانێت سکاڵایان لەسەر تۆماربکات.



PM:10:23:22/11/2023