گۆرانیبێژی لاوی کورد ئاریاس جاڤان لە ساڵیادی لە دایکبوونیدا دەڵێت" چرکە و کاتژمێرەکانی تەمەن تێپەڕین ئەوانەی رۆژانێک خاوەنی ژیان بوون".
ئاریاس لە یادی لە دایكبوونیدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام چەند وێنەیەکی سەردەمی منداڵی خۆی بڵاوکردەوەتەوە و لە پەیامێکیشدا ڕایگەیاندووە" ئەم وێنەیە باوکمە کە (٢٠) ساڵ پێش ئێستا لەم دونیایە نەما، ساڵانێکی پڕ لە سەختی و بیرەوەری خۆش و ناخۆشمان تێپەراند، ساڵانێک کە وامان دەزانی قەت تەواو نابێ، ئەو ڕۆژانەی هەستمان دەکرد نابێتە شەو، ئەو شەوانە کە وامان دەزانی ڕۆژ نابنەوە، چرکە و کاتژمێرەکانی تەمەن تێپەڕین ئەوانەی رۆژانێک خاوەنی ژیان بوون خاوەنی ماڵ بوون ئێستا لە ژێر خاکن، هەزاران ساڵ تێپەڕیووە".
دەشڵێت" ئێمەش دێین و دەڕۆین، بەڵام ژیان هەر بەردەوامە، دڵ خۆش بن تا ئەو جێیەی بۆتان دەکرێت ژیان یەک جارە".
ئاریاس جاڤان خەڵکی شاری مەهابادە، ماوەیەکی زۆرە دەستی بە کاری هونەری کردووە و خاوەنی چەندین بەرهەمی هونەرییە، لە بەشێک لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆنسێرتی ئەنجام داوە، خاوەنی هەوادارێکی زۆرە.