پۆلیسی کەرکوک: مامۆستایان مۆڵەتیان لە بەغدا وەرنەگرتووە

راگەیەندراوێکی پۆلیسی کەرکوک ئاماژە بەوە دەکات کە مامۆستایانی خۆپشاندەری کوردستان کە هەوڵیان داوە بچنە مەیدانی تەحریر لە بەغدا، مۆڵەتی فەرمیان وەرنەگرتووە.

بەپێی راگەیەندراوێکی پۆلیسی پارێزگای کەرکوک رۆژی ٢٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ " نزیکی ١٠٠٠ مامۆستا گەیشتوونەتە بازگەی کەرکوک، بەڵام بەپێی رێنماییەکانی بەڕیوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق پێیانراگەیاندوون: رێگە نەدەن مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم بچنە بەغدا". 

هەروەها لەو راگەیەندراوەدا هاتووە" لەبەرئەوەی ئەو مامۆستایانە مۆڵەتی فەرمیان وەرنەگرتووە لە مەیدانی تەحریر خۆپشاندان سازبکەن بۆیە رێگریان لێکراوە".

لە راگەیاندنەکەدا هاتووە" کە پۆلیس و پۆلیسی هاتووچۆ و سوپا پارێزگارییان لێبکەن".

ئەمڕۆ نزیکەی١٠٠٠ مامۆستایان ناڕازی چوونە بازگەی کەرکوک بۆئەوەی بەرەو بەغدا بڕۆن و لە مەیدانی تەحریر خۆپشاندان ئەنجام بدەن، بەڵام لە کاتژمێر ٧ی سەر لە بەیانی تا کاتژمێر ١١ لە بازگەکان مانەوە و رێگەیان پێنەدان بۆ بەغدا بڕۆن و دواتر دوای چەند کاتژمێرێک داخستنی رێگاکان بە ناچاری بۆ سلێمانی گەڕانەوە.



PM:12:04:26/11/2023