دەستلەکارکێشانەوەی پارێزگاری موسڵ لەلایەن سودانیەوە پەسەند کرا( نوێکراوەتەوە)


سەرۆک وەزیرانی عێراق نامەی دەستلەکارکێشانەوە پارێزگاری موسڵ، نەجم جبوری پەسەند کرد، پەسەندکردنی دەستلەکارکێشانەوەکەی لەلایەن سودانییەوە پەیوەندی بە " بەعسی " بوونەوە، هەیە لەسەردەمی رژێمی پێشوودا. 

سیروان رۆژبەیانی جێگری پارێزگاری نەینەوا بە میدیایەکی نزیک پارتی راگەیاندووە " سەرۆک وەزیرانی عێراق نامەی دەستلەکارکێشانەوەی نەجم جبووری پارێزگاری نەینەوای پەسند کرد، هاوکات عەبدولقادر دەخیلی راسپارد بە وەکالەت پۆستی پارێزگاری نەینەوا بەڕێوە ببات".

لە بەدواداچوونێکی " سپی " دا لەسەر هۆکاری دەستەلەکارکێشانەوەو پەسەندکردنی لەلایەن سودانییەوە، نەجم جەبوری یاسای ( موسائەلە و عەدالە ) دەیگرێتەوە کە بەعسیەکی پلە باڵا بووە لەسەردەمی سەدامدا، پەرلەمانی عێراقیش لەسەر هەمان تۆمەت چوار جار نامەی ئاراستە کردووە. 

ماوەیەک لەمەوبەر نەجم جبووری پارێزگاری نەینەوا، نامەی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستی پارێزگاری موسڵ پێشکەش بە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کردبوو.

بەپێی نامەکە جبووری کە ئاراستەی سوودانی کردووە، جبووری دەڵێت: "بە لەبەرچاوگرتنی تەواونەکردنی رێکارەکان بەپێی یاسای دەستەی باڵای نیشتمانی بۆ "پرسیار و دادپەروەری" بەهۆی دەنگنەدانی ئەنجومەنی نوێنەران بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بە ژمارە (٢٣٥٨٣)ی ساڵی ٢٠٢٣، و بە پابەندبوون بە یاسا و دەستوور، دەستلەکارکێشانەوەی خۆم لە ئەرکەکانی پۆستی پارێزگاری نەینەوا پێشکەش دەکەم.

نەجم عەبدوڵڵا ئەلجبوری، لە ساڵی ١٩٥٦، لە ناحیەی گیارەی سەر بەپارێزگای نەینەوا لە دایکبووە، لە خێزانێکی سوننە مەزهەبە و لە هۆزی گەورەی ئەلجبورییە. کۆلێژی سەربازی و لە ساڵی ١٩٧٩ بە پلەی مولازم (بەرگری ئاسمانی) دەرچووە.



PM:02:49:26/11/2023