تورکیا ئامادەیی بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەربڕی

تورکیا ئامادەیی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێی بەندەری جەیهان دەربڕی.

ئەمڕۆ دووشەممە ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣  مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان( ماوە بۆ درێژکراوە)  پێشوازی لە عەلی ڕیزا گونەی، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق کرد.

لە کەناڵەکانی نزیک بە حکومەتی هەرێمدا بڵاوەکراوەتەوە" لە دیدارەکەدا گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی بارودۆخی گشتیی عێراق و پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە تاوتوێ کران و جەخت لە برەودان بە پەیوەندییەکان لە بواری ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئاسانکاریکردن بۆ هاتووچۆ و گەشتکردن لە نێوان هەردوولادا کرا". 

هەروەها هاتووە" کە تەوەرێکی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا لە زووترین کاتدا".

لەوبارەیەوە باڵیۆزی تورکیا ئامادەیی تەواوی وڵاتەکەی بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی هەناردەکردن دەربڕی.

مانگی ئازاری ئەمساڵ بەهۆی بڕیارێكی دادگای ناوبژیوانی پاریسەوە، هەناردەی نەوتی هەرێم لەرێگەی توركیاوە بۆ بەندەری جیهان راگیرا و بەو هۆیەشەوە داهاتی نەوتی هەرێم رووەبڕووی گرفتی گەورە بووەوە.




PM:03:28:27/11/2023