لە ڕووداوێکی هاتووچۆدا هونەرمەندێکی میسری گیانی لەدەستدا

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ هونەرمەند ئەشرەف عەبدولغەفور، بەهۆی ڕووداوێکی هاتووچۆوە گیانی لەدەستدا و هاوسەرەکەشی بە سەختی برینداربوو. 

میدیاکانی میسر هەواڵی کۆچی دوایی هونەرمەند ئەشرەف عەبدولغەفور باوکی هونەرمەندی بەناوبانگ ڕەحام عەبدول لە تەمەنی ٨١ ساڵیدا ڕاگەیاند، دوای ئەوەی لە ڕێگای بیابانی (قاهیرە – ئەسکەندەریە) تووشی ڕووداوێکی هاتووچۆ بووە، لە ڕاگەیەندراوی فەرمیدا پشتڕاستیکردەوە کە هاوسەری ئەشرەف هێشتا لە نەخۆشخانەیە و باری تەندروستی ناجێگیرە. 

ئاماژە بەوەشکراوە، لە ماوەی چەند کاتژمێری ڕابردوودا دەزگا ئەمنییەکان ڕاپۆرتێکیان پێگەیشتووە کە تێیدا ئاماژە بەوەکراوە، بەهۆی پێکدادانێک لەسەر ڕێگای قاهیرە - ئەسکەندەریە دوو کەس برینداربوون، لە کاتی گەیشتنیان بۆ شوێنی ڕووداوەکە دەرکەوتووە کە لە ئەنجامی پێکدادانەکەدا ئەشرەف عەبدولغەفور گیانی لەدەستداوە و هاوسەرەکەشی بە سەختی بریندار بووە. 

ئەشرەف عەبدولغەفور ئەکتەری میسری لە ساڵی (١٩٤٢) لە میسر لە دایکبووە، لە ساڵی (١٩٦٣) بڕوانامەی دبلۆمی بەشی نواندنی لە پەیمانگای باڵای هونەرە دراماتیکییەکان بەدەستهێناوە.

زیاتر لە (٢٨٣) بەرهەمی لە سینەما و درامای تەلەفزیۆنی و شانۆدا پێشکەشکردووە و لە پێشکەشکردنی زنجیرەی مێژووی و ئایینیدا سەرکەوتوو بووە کە دیارترینیان بریتین لە (ئیمام مالیک، عومەر بن عەبدولعەزیز، هارون ئەلڕەشید). 

هونەرمەندی کۆچکردوو دوایین دەرکەوتنی لە زنجیرەی (ڕەشید) بووە کە لە مانگی ڕەمەزانی ڕابردوودا نمایشکراوە. 


AM:12:01:04/12/2023