دوو بەندکراوی کورد لە بەندیخانەی ناوەندی سنە لە سێدارە دران

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ دوو بەندکراوی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بەندیخانەی ناوەندی شاری سنە لە سێدارە دران کە پێشتر بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست" سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو. 

بەپێی هەواڵێکی ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سزای سێدارەی دوو بەندکراوی کورد بە ناوەکانی خالید ڕۆحی، خەڵکی گوندی سۆ لە ناوچەی چەم شاری سنە و سیرووس حەیدەری، بەندکراوی تەمەن ٦٠ ساڵ و خەڵکی ئەو شارە، لە بەندیخانەی ناوەندی سنە جێبەجێکرا.

هەنگاو ئاماژەی بەوەشکردووە، سیرووس حەیدەری ١٢ ساڵ پێش ئێستا و خالید ڕۆحی ٤ ساڵ پێش ئێستا بە "تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست" لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستگیرکرابوون و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەری ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرا. 

ئەوەشی خستەڕوو، ڕۆژی دووشەممەی ڕابردووش ئەم بەندکراوانە بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەیان لە زیندانی گشتی بەندیخانەی ناوەندی سنە بۆ ژووری تاکە کەسی ئەو بەندیخانەیە گواسترانەوە.

تائێستا هەواڵی لە سێدارەدانی ئەو بەندکراوانە لە ڕاگەیاندنەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و ڕاگەیاندنەکانی نزیک لە دەزگای دادوەری ئەو حکومەتە بڵاونەکراوەتەوە.


PM:12:21:06/12/2023