ئەمریکا بۆ حکومەتى عێراق: بەرگرى لە خۆمان دەکەین لە هەر شوێنێکى جیهان بین

کەمێک پێش ئێستا وتەبێژی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد دووپاتیکردەوە کە بە دوو مووشەک باڵیۆزخانەکەیان بۆردومانکراوە، داواش لە حکومەتى عێراق دەکات دامەزراوە و کارمەندانیان بپارێزێت. 

نووسینگەی وتەبێژی فەرمی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدای پایتەختی عێراق، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ لەبارەی هێرشه‌ مووشه‌كییه‌کەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی سه‌ر بڵیۆزخانه‌كه‌یان له‌ به‌غداد ڕایگەیاند" نزیکەی کاتژمێر (٤:١٥) خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ باڵیۆزخانەکەمان لە بەغداد بە دوو مووشەک هێرشیکرایە سەر، بەڵام هیچ زیانێکى گیانى لێنەکەوتووەتەوە". 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە" تا ئەم ساتەوەختە هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی ئەم هێرشەی لە ئەستۆ نەگرتووە، لە کاتێکدا ئاماژەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هێرشەکان لەلایەن میلیشیاکانی ئێرانەوە ئەنجام دراون کە بە ئازادی لە عێراق چالاکی دەکەن". 

وتەبێژی نووسینگەی باڵیۆزخانەکە لە درێژەی بەیاننامەکەدا ڕاشیگەیاندووە" ئێمە بانگەوازی خۆمان بۆ حکومەتی عێراق نوێ دەکەینەوە،  بۆ ئەوەی هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست بگرێتەبەر بۆ پاراستنی کارمەندان و ئاسانکارییەکانی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان و هاوبەشەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، جەختیش دەکەینەوە کە پارێزەرى هێزەکانمان دەبین و بەرگرى لە خۆمان دەکەین لە هەر شوێنێکى جیهاندا بین". 


AM:11:40:08/12/2023