سێ بەندکراوی کورد لە بەندیخانەی ورمێ لە سێدارە دران

بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی سزای سێ بەندکراوی کورد لە بەندیخانەی ناوەندی شاری ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە "تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان" لە سێدارە دران. 

بەپێی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سزای سێدارەی سێ بەندکراوی کورد بە ناوەکانی عەلی شاهیننژاد تەمەن ٣٩ ساڵ، سەولەت تەوسەن تەمەن ٤٠ ساڵ و جانعەلی نەدیمی تەمەن ٦٢ ساڵ لە بەندیخانەی ناوەندی ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان جێبەجێکرا.

هەنگاو ئاماژەی بەوەشکردووە، جانعەلی نەدیمی چوار ساڵ پێش ئێستا، سەولەت تەوسەن ساڵێک پێش و عەلی شاهیننژاد سێ ساڵ پێش ئێستا لە سێ دۆسیەی جیاوازدا بە "تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان" دەستگیرکران و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرا. 

بەپێی ئامارێکی رێکخراوی هەنگاو بۆ مافی مرۆڤ، لە سەرەتای ئەم مانگەوە تائێستا شەش بەندکراوی کورد لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە سێدارەدراون. 


PM:12:48:08/12/2023