ڕێبەر ئەحمەد داوا لە حکومەتی عێراق دەکات هێزەکانی هاوپەیمانان بپارێزێت

وەزیری ناوخۆی هەرێم داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات پارێزگاری لە نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانی وڵاتانی دەرەوە و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بکات لە هێرشەکانی گروپە چەکدارەکان.

رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان (ماوە بۆدرێژکراوە)، ئەمڕۆ یەکشەممە ١٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" بە ئامانجگرتن و هێرشکردنە سەر هەر دامەزراوەیەکی دبلۆماسی ناو عێراق، پێشێلکردنی رێککەوتن و بنەما نێودەوڵەتییەکانە".

وتیشی" داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین رێکاری تایبەت بەرامبەر ئەو گروپە چەکدارانە بگرنە بەر، هەروەها سەرکۆنەی هێرشی سەر دامەزراوەکانی عێراق و هێرشەکانی هەرێمی کوردستانیش دەکەین". 

ڕاشیگەیاند" ئێمە ئیدانەی ئەو بەئامانجگرتنانە دەکەین، چونکە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان و هەموو عێراق دەکات". 

لێدوانەکەی ڕێبەر ئەحمەد لە کاتێکدایە، بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ڕابردوو دەوروبەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ناوچەی سەوزی بەغداد بە چەند مووشەکێک کرایە ئامانج کە هیچ زیانێکی مرۆی لێنەکەوتەوە.

ئەم هێرشانە کە لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکەوە ئەنجام دراون، بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) (٦٠) کەس لە نێو هێزەکانی ئەمریکا برینداربوون.


PM:01:53:10/12/2023