سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان: هیوادارم مامۆستایان سکاڵایەکیش لەسەر حکومەتی عێراق تۆماربکەن

ئەمڕۆ یەکشەممە ژمارەیەک لە مامۆستایانی پارێزگای هەڵەبجە لە بەرامبەر لێدوانێکی سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان کە وتبووی"دەستوەردانی سیاسی لە خۆپیشاندانی مامۆستایان هەیە و خەڵکی تر" پارەی پاس و هۆتێل و هاتوچۆی نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی بۆ بەغدا لە ئەستۆگرتبێت، سکاڵایەکیان لە دادگای هەڵەبجە لەسەر تۆمارکرد و ئەو لێدوانانەی سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستانیان ڕەتکردەوە.

ئەحمەد گەرمیانی سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، سەبارەت بە تۆمارکردنی سکاڵای مامۆستاکان لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندووە" خەڵک ئازادە چۆن بیردەکاتەوە، ئەو قسانەی من کردوومە پێش من چەند کەس کردوویانە، یەکێک لەوانە وتەبێژی یەکێتی نشتیمانی کوردستان کە دەڵێت سەردانی یەکیتی مامۆستایان بۆ بەغدا سیاسیە، بەڵام لەبەر ئەوە من لە حزبێکی دیاری کراوی کوردستانم هەر ئەوەیە کێشەکە دەنا هیچی دیکە نیە، هیوادارم سکاڵاش لەسەر حکومەتی عێراق تۆمار بکەن کە مووچەکانیان نادات". 

لای خۆشیەوە موجاهید محەمەد نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی ڕایگەیاند" تۆمەتەکانی لێدوانەکەی سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان ڕەتدەکەینەوە، بە نوێنەرایەتی (٢١٤) مامۆستا لە دادگای هەڵەبجە سکاڵای یاسایمان لەسەر تۆمارکرد، هیچ لایەنێکی سیاسی لە پشتمان نەبووە". 

لەبەرامبەر دواکەوتنی مووچەی مانگەکانی (٩ و ١٠ و ١١) نزیکەی سێ مانگە مامۆستایانی پارێزگاکانی هەڵەبجە و سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕین بایکۆتی پرۆسەی خوێندنیانکردووە، مامۆستایان لەسەر شەقامن و سورن لەسەر بایکۆتکردنی هۆڵەکانی خوێندن.


PM:06:01:10/12/2023