پەیامی دایکی ژینا ئەمینی لەلایەن پارێزەری بنەماڵەکەی خوێنرایەوە

پەرلەمانی ئوروپا ئەمڕۆ لە ڕێوڕەسمێکدا خەڵاتی ساخارۆڤی بە نوێنەرایەتی بنەماڵەی ژینا ئەمینی بە ساڵح نیکبەخت پارێزەری بنەماڵەی ژینا ئەمینی بەخشی. 

دواتر پەیامی دایکی ژینا ئەمینی ( موژگان ئیفتخاری) لە لایەن پارێزەری بنەمالەکەیان خوێندرایەوە.

دەقی پەیامەکەی بەم شیوەیە: 


سەرۆکایەتی بەڕێزی پارڵمان، یەکێتیی ئوڕووپا
نوێنەرانی زیاتر لە شەش سەد و پەنجا میلیۆن نەفەر خەڵکی جیهان
یایان، ئاغایان.

 لەوەی کە من بەختەوەرم وەکوو پارێزەری بنەماڵە مەهسا ژینا ئەمینی  لەم شانۆیەی پارڵمان دا  پەیامی دایکی ژینا بخوێنمەوە کە لە هەمان حاڵ دا پەیامی بنەماڵەکەشیانە بۆ من جێی شانازییە و هیوادار بووم کە یای موژگان ئەمینی دایکی بۆ خۆی یان خانمێک ئەو پەیامەی خوێندباوە چونکە ئاخێزی خەڵکی ئێران لە ساڵی ڕابردوو دا و لەو ڕۆژەوە کە ژینا/ مەهسا گیرا لە لایەن ژنانەوە دەستی پێکرد و لە لایەن ژنانەوە ڕێبەرایەتی کرا و پیاوانیش هاوڕێیەتی ژنانیان کرد و ئاکامەکەی ئەوە بوو کە ئێوە دیوتانە و لە سەرتاسەری جیهاندا دروشمی ژن ژیان ئازادی کە خەڵکی کوردستان لە سەرەتاوە بە زمانی خۆیان ئەو دروشمەیان دەر بڕی هەموو شانۆی جیهانی گرتەوە و لەهەموو جێیەکی وڵاتی ئێمە ئێران و لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا بە تایبەتی دەنگی دایەوە. 

ئەمن ئەم پەیامە لە لایەن دایکێکی زگ سووتاو دەخوێنمەوە کە سەرتاپای بریتییە لە هەست، عێشق و دڵپێوەبوونی دایکێک بە کچەکەی کە بە قسەی خۆی و بە قسەی خانمی مێتسۆلا  ژنێکی جوان، بە نرخ بوو و وە دوای داوخوازی زۆر بەرز کەوتبوو بۆ خزمەت بە مرۆڤایەتی و ئەویش کاری پژیشکییە. بۆیە من لە سەرەتاکە تێ دەپەڕم  و لەوەی کە بەشێک لە پەیامی خانمی موژگان ئەمینی بە زمانی کوردییە و وەرگێر نییە لەم پارڵمانە، ئەوە جێی داخە و هیوادارم  ڕۆژێک وەرگێڕان بە زمانی کوردیش وەکوو زمانەکانی دیکە لێرە هەبێ. 

اندر دل من درون و بیرون همە اوست 
اندر تن من جان و رگ و خون همە اوست
اینجای چگونە کفر و ایمان گنجد
بی چون باشد وجود من چون همە اوست
بەو دەمت کە بۆنی سەد بەهاری لێوە دێ
بۆنی دەستی بەختیاری و باوەشی چیای بەدەستی با، بە گوڵ چناوی لێوە دێ
بۆنی سەر سەکۆی بەکاگڵی، بە ئاو پژاوی لێوە دێ
خۆشەویستەکەم لە پەنجەرەی نیوەتاکی بوومەڵێڵەوە
چاوم لە دیمەنی کچی بەیانی یە
بە حەنجەرەی زەمانەوە
گوێم لە زەمزەمەی زوڵاڵی خیزە وردەکانی کانی یە
یایان، ئاغایان

پێم خۆش بوو لە کۆڕی بەنرخی ئێوە دا ئامادە بم، تا لە نزیکەوە و بە نوێنەرایەتی هەموو ژنانی نیشتمانەکەم لە ئێوە  پێشکێشکارانی خەڵاتی بە نرخی ساخارۆڤ، خەڵاتی ڕەمزی ئازادەیی پارڵمانی ئوڕووپا پێزانینی خۆم دەرببڕم. بەداخەوە بە پێچەوانەی هەموو ڕێوشوێنە قانوونی و مرۆڤییەکان نکووڵی ئەم دەرفەتەیان لە ئێمە کرد. پارێزەری ئێمە ئاغای ساڵح نیکبەخت لەگەڵ خانم دوکتور سوهەیلا قادری بە نوێنەرایەتی ئێمە لە کۆڕێ ئێوە دا ئامادە دەبن تا پەیامی من بە ئێوە بگەیێنن. 

ئێمە لێرەین ( یانی ئێمە لە فەڕانسەین، خۆی هەست بەوە دەکا لێرە بێ)، تا لە شوێنی لە دایکبوونی ژاندارک ڕێز لە ژینا بگرین و چەند جوانە و پڕمانایە بەیەک گەیشتنەوەی ئەو كجانە، ئەو کچانەی ئیلهامبەخشی مێژوو لە دڕێژایی ساڵ و سەدان دا. ئەوانەی کە بە مەرگی خۆیان سنوورەکانی نیشتمانیان تێ پەڕاند و دیسان گیانیان وەبەر ئیرادەی ڕزگاری و ئازادیی ئینسانەکان نایەوە. ژینا ژین/ زیندەگی دەنمێنێ واتە زێندەگی و زێندەگانی دەنمێنێ. هەر ئەوەی کە ناوی بوو بە ڕەمزی ڕزگاری و خەونی ئازادی لە شوێنی لە دایکبوونیەوە کوردستان بە گشت ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان دا بڵاو کردەوە و بە میلیۆنان ژن و مرۆڤی ستەملێکراوی بە هێوای فڕین لە ئاسۆی بێ پایانی ڕزگاری وە جووڵە خست. مەزلوومانە گیانیان لێ ئەستاند و لە خەیاڵی خۆیان دا پێیان وا بوو کە بە ئەستاندنی گیان لە قالب لە بوون و دیسان بوون دەوەستێ. وەکوو ژاندارک لە تەسەوری پووچی زۆرداران دا، بە سووتاندنی قالبی خەونەکانیشی دەبنە دووکەڵ و بەهەوا دا دەچن. وەکوو ئینسانێکی گەورە گوتوویەتی ئەوان ناتوانن، نازانن و هێشتاش نازانن کە لە خۆڵەمێشی ژاندارک و ژینا وەک قوقنووس ڕوحێک دەزێ لە داگیرکردن ناشێ و دەبێتە ئیلهامدەر، ڕوحی زەمانە. 

ئەم روحانەی زەمانە لە دوای چەندین سەدە ئێستا بەیەک پەیوەست بوون تا مزگێنی ڕزگاریی هەتاهەتایی بۆ ئێمە مرۆڤانی ئەم  چاخە بە دیاری بێنن. ئەوان مزگێنیدەری وەدیهاتنی نرخ و بەها بەرزە مرۆڤییەکانن کە ئێستا لە دروشمی پێشکەوتووی ژن، ژیان، ئازادی (زن، زندگی، ێ‌زادی) دا خۆی دەرخستووە. ئەو نرخانەی کە سنوور ناناسن، لەو پەڕی زەمان و مەکان دا. عەداڵەت، ئازادی، ئاشتی، هاوژینیی، و بەرابەری هەموو ئینسانەکان لەگەڵ یەک. 

 یایان، ئاغایان

داغی ژینا هەتاهەتایە بەسەر دڵمەوەیە و بۆ هەموو خەڵکی جیهان نەمر و هەتاهەتایە. دڵنیام کە ناوی وی لەگەڵ ناوی ژاندارک وەک ڕەمزی ئازادی دەمێنێتەوە. ئێستا لە شوێنی لەدایکبوونی ژینای هەمێشە زیندووەوە پێزانینی بێ پایانی خۆم  و بنەماڵەکەم  پێشکێشی ئێوە دەکەم  و هیوادارم لەم هەڵبژاردنە مەزنە دا مانا و سەربەرز بمێننەوە . بە هیوای ئەوەی کە هیچ دەنگێک لە هەموو دنیا دا لە گوتنی وشەی ئازادی نەپرینگێتەوە. 

موژگان ئیفتیخاری، دایکی یاد زیندوو ژینا ئەمینی لە شاری سەقز لە کوردستانی ئێران


PM:08:26:12/12/2023