ڕۆژئاوای كوردستان بووە خاوەنی دەستوور

بەکۆی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنی یاسادانان لە ئیدارەی خۆسەری، دەستووری ڕۆژئاوای کوردستان پەسەندکرا.

ئەنجوومەنی گشتیی ئیدارەی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، میساقی گرێبەستە کۆمەڵایەتییەکەی (دەستوور) پەسەند کرد، کە لەلایەن لیژنەی فراوانکراوی داڕشتنی گرێبەستەکەوە لە ٩١ەمین دانیشتنی خۆیدا پێشکەشکرا.

ئیدارەی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا (ڕۆژئاوای كوردستان) بڵاویكردەوە" دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی گشتیی و نوێنەرانی ئەنجوومەنی یاسادانان لە ٧ هەرێمی ئیدارەی خۆسەرییەوە بەشدارییان لە دانیشتنەکەدا کرد، کە لە ژووری کۆبوونەوە لە بینای ئیدارەی خۆسەر لە شاری ڕەقە بەڕێوەچوو".

یاسر سلێمان، جێگری هاوسەرۆکایەتی ئەنجوومەنی گشتی ئیدارەی خۆسەر بڕگە و ماددەكانی میساقی گرێبەستی کۆمەڵایەتی خوێندەوە، کە ١٣٤ ماددەی لەخۆگرتبوو، بەمەبەستی دەنگدان لەسەری یان هەموارکردنیان لە ئەگەری هەر گۆڕانکارییەکدا یان پێشنیار لەلایەن بەشداربووانەوە.

دوای تەواوکردنی خوێندنەوەی ماددەکان، ئەنجوومەنی گشتی سەرجەم بڕگەکانی میساقی گرێبەستی کۆمەڵایەتی پەسەند کرد، بەجۆرێک لە بەرواری دەرچوونیەوە کاری پێدەکرێت.

بەگوێرەی دەستوورەکە ھەرێمێک بەناوی "ھەرێمی باکوور و ڕۆژھەڵاتی سوریا” پێکدەھێنرێت و ھەرێمەکە (ئەنجوومەنی نوێنەران و حکومەت و دەسەڵاتی دادوەری) دەبێت.


PM:09:42:12/12/2023