عێراق لەگەڵ حکومەتی هەرێم بۆ کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان رێککەوتنێکی نوێیان راگەیاند

وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕێوشوێنی توندی ڕاگەیاند بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی سنوورەکان و ڕێگریکردن لە هاتنە ژوورەوەی کەلوپەلی قاچاخ.

عەبدولزەهرا هنداوی، وتەبێژی وەزارەت پلاندانابی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی فەرمیی( العراقیە)  ڕاگەیاند" ڕێکخراوی ناوەندی بۆ ستانداردکردن و کۆنتڕۆڵی جۆری، لە ڕێگەی گرێبەستەکانی لەگەڵ ژمارەیەک کۆمپانیای نێودەوڵەتی، بەردەوامە لە پشکنینی کەلوپەلی هاوردەکراو لە وڵاتی بەرهەمهێنەوە".

دەشڵێت" ئەم کۆمپانیایانە بڕوانامەی پشکنین دەدەن بە کاڵای هاوردەکراو لەلایەن کەرتی تایبەتی عێراقەوە".

هنداوی راشیگەیاند" لە هەندێک دەروازە سنوورییە نافەرمییەکان کێشە هەیە، جگە لە ئۆپەراسیۆنی قاچاخ و لادان لە ڕێگەی دەروازە نافەرمییەکان، وەزارەتی ناوخۆ بەردەوام هەموو ڕێکارێک دەگرێتەبەر بۆ ئەوەی بە تەواوی سنوورەکان کۆنترۆڵ بکەن و ڕێگە نەدەن بە هاتنە ژوورەوەی هەر کاڵایەکی قاچاخ یان نایاسایی".

وتیشی" هەماهەنگی لە ئاستی باڵا لە نێوان بەغدا و هەولێر هەیە، بۆ یەکخستنی ڕێکارەکانی دەروازە سنوورییەکان، جگە لە یەکخستنی سیاسەتەکانی گومرگی".

ئاشکرای کرد، کۆبوونەوەیەکی ئاست بەرز ئەنجامدرا، بە سەرۆکایەتی محەمەد تەمیم، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری پلاندانان و ژمارەیەک وەزیر لە حکومەتی فیدراڵی، کە بریتی بوون لە وەزیری ناوخۆ، وەزیری نیشتەجێکردن و شارەوانی، وەزیری داد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، جگە لە ئەمینداری گشتی ئەنجوومەن، هەروەها بەڕێوەبەری گشتی بەشی یاسایی لە ئەمینداریەتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیران و لە لایەنی هەرێمەوە، وەزیرانی ناوخۆ و دارایی و ژمارەیەک بەڕێوەبەری گشتی و ڕاوێژکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون

ڕاشیگەیاندووە" لە میانی کۆبوونەوەکەدا باس لە ئەگەری پەرەپێدانی میکانیزم و سیاسەتی یەکگرتوو کرا، جگە لە یەکخستنی ڕێکارەکان بۆ دەروازە سنوورییەکان، هەروەها پڕۆسەی پشکنین بۆ ئەو کاڵا هاوردەکراوانەی، کە لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە دێنە ناوەوەی وڵات".



PM:06:36:13/12/2023