کۆمسیۆن: رێژەی بەشداریکردنی دەنگدەران گه‌یشتوه‌ته‌ ٣٨%

کۆمسیۆنی باڵای عێراق ڕایدەگەیەنێت" رێژەی بەشداریکردنی دەنگدەران گەیشتووەتە ٣٨% و کاتی دەنگدانیش درێژناکرێتەوە". 

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" رێژەی دەنگدانی تایبەت گەیشتووەتە ٣٨% کە له‌ پارێزگای سلێمانی رێژەی دەنگدان زۆرترینە و گەیشتوەتە ٥٣%". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە پارێزگای موسەننا رێژەی دەنگدان ٤٩%، لە بابل ٤٨%، لە میسان ٢٩%، لە كەربەلا ٤١%، لە نەجەف ٣٨% یان تێپەڕاندووە و  لە پارێزگای كەركوكیش ژمارەی بەشداریکردن لە دەنگدانی تایبەتدا گەیشتووەته‌ ٣٩%. 

لە کاتژمێر (٧:٠٠)ی بەرەبەیانی ئەمڕۆوە پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستیپێکرد و بڕیارە تا کاتژمێر (٦:٠٠) ئێوارە بەردەوام بێت.

لە دەنگدانی تایبەتدا یەک ملیۆن و دوو هەزار و ٣٩٣ کەس لە سەرانسەری عێراقدا لە (٥٦٥) بنکە کە لە (٢٣٦٧) وێستگە پێکهاتووە، مافی دەنگدانیان هەیە. 


PM:03:36:16/12/2023