سودانی: لە ریگەی هەمواری یاسای بودجەوە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم چارەسەر دەکەین

سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند" لە رێگەی هەمواری یاسای بودجەوە کێشەی پارەی کۆمپانیاکانی دەرهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان چارەسەر دەکەن و دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەکەن".

محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە ئاژانسی بلومبێرگ راگەیاند" لە ئێستادا توێژینەوە لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای بودجە دەکەن، بۆ ئەوەی بتوانن پارە بۆ کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێم دابین بکەن، ئەو هەنگاوەش لە کۆتاییدا دەبێت بە ئامرازی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم".

سودانی وتیشی" لە یاسای ئێستای بودجەدا کە لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەندکراوە، بڕی هەشت دۆلار بۆ دەرهێنانی هەر بەرمیلە نەوتێک بۆ کۆمپانیاکانی هەرێم دابینکراوە، بەڵام بەپێی گرێبەستی کۆمپانیاکە لەگەڵ حکومەتی هەرێم بڕی ٢١ دۆلار بۆ دەرهێنانی هەر بەرمیلە نەوتێک دابینکراوە".

سەرۆک وەزیرانی عیراق راشیگەیاند" داخستنی بۆرییە نەوتییەکانی هەرێم بە بڕی ملیارەها دۆلار زیانی بە حکومەتەکانی هەرێم و عێراق و کۆمپانیا نەوتییەکانی هەردوناوچە گەیاندوە، چونکە رێگری لە هەناردەی ٤٧٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە دەکرێت".

دوای بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس لە (٢٥ـی ئاداری ٢٠٢٣) لەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، هەناردەی نەوت بۆ بەندەری جەیهان راگیرا.



AM:12:04:17/12/2023