بارزانی لە رۆژی ئاڵای کوردستاندا پەیامێکی بڵاوکردەوە

سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بە بۆنەی رۆژی ئاڵای کوردستانەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" ئاڵاکەمان ڕەمزی بڕوابەخۆبوونی گەلەکەمانە".
 
مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی، ئەمڕۆ یەکشەممە ١٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ کە هاوکاتە لەگەڵ رۆژی ئاڵای کوردستان، پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند" کوردستانیانی ئازیز، رۆژی ئاڵای کوردستان لە هەمووتان پیرۆز بێت، ئاڵاکەمان رەمزی بەرخودان و ئاشتیخوازی و بڕوابەخۆبوونی گەلەکەمانە".
   
لە ساڵی (٢٠٠٩)دا پەرلەمانی کوردستان بڕیاریدا کە ڕۆژی ١٧ی کانوونی یەکەمی ھەموو ساڵێک وەکو ڕۆژی ئاڵا دیاری بکرێت و لەو ڕۆژەدا سەرجەم ئاڵاکانی سەر دامودەزگاکانی ھەرێمی کوردستان بگۆڕدرێن و نوێ بکرێنەوە، ھۆکاری دانانی ئەم ڕۆژەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە ١٧ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٧ ئاڵای کوردستان لەسەر دامودەزگاکانی کۆماری مەھاباد ھەڵکرا، بۆیە هەمووان لەو رۆژەدا ئاڵای كوردستان هەڵدەكەنەوە.

ئەم ئاڵایە هاوشانی سیمبۆل و هێما نەتەوەییەکانی دیکەی وەک، سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب، پێشمەرگە، ئاڵا بە ڕەمزی هەرمانی نەتەوەیی کورد دەژمێردرێت و لەلای زۆربەی هێز و پارتە سیاسییەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەم ئاڵایە بە فەرمی ناسراوە لە بۆنە فەرمییەکاندا هەڵ دەکرێت.


PM:01:56:17/12/2023