نێچیرڤان بارزانی: ئاڵاکەمان هێمای روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ى ئاڵنگارییه‌كان و سەرکەوتنمانە

سەرۆکی هەرێم داوا دەکات هەرێمی کوردستان بکرێتە ماڵی پێکەوەژیان و مۆدێلێکی لێبوردەی کە لەسەر ئاستی نیشتمانی و هەموو جیهان چاوی لێبکرێت، دەشڵێت" ئاڵای کوردستان هێمای ئاواتی هاوبەشمانە، هێمای روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ى ئاڵنگارییه‌كان و سەرکەوتنمانە". 

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان (ماوە بۆدرێژکراوە)، ئەمڕۆ یەکشەممە لە میانی مەراسیمێکی فەرمیدا کە بە بۆنەی ڕۆژی ئاڵای کوردستان بەڕێوەچوو، وتارێکی پێشکەشکرد و ڕایگەیاند" ئاڵای کوردستان تابلۆیەکی ڕەنگاو ڕەنگە کە بە خوێنی شەهیدان و ئیرادەی تێکۆشەران و پێکەوە ژیانی هەموو ئەو کەسانەی کوردستان بە ماڵ و زێدی خۆیان دەزانن نەخشێنراوە". 

نێچیرڤان بارزانی دەستی لە ڕەنگەکانی ئاڵاکەدا و وتی" ڕەنگی سپی هێمای دادپەروەری و ئاشتی و پێکەوە ژیانە، ڕەنگی سەوز هێمای ژیان و بەردەوامی و خەباتییەتی، ڕەنگی سووریش هێمای خۆڕاگری و خەبات و پیرۆزی خوێنی شەهیدان، ڕێگای ئازادی کوردستان و خۆری زەرد لە ناوەڕاستدا فێرمان دەکات ئەو تیشکە بین کە بەدیهێنانی هیوا و خواستەکانمان لێیەوە وەردەگرین بۆ گەیشتن بە مافی چارەی خۆنووسین". 

وتیشی" ئاڵاکەمان هێمای خواستە هاوبەشەکانمانە، هێمایە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان، هەروەها هێمای پابەندبوونمانە بە داهاتوویەکی گەشاوەتر بۆ هەموومان". 

بارزانی ڕاشیگەیاند" ئەم ئاڵایە هەرچەندە هێمای یەک نیشتمانە، هاوکات دڵی خەڵکی ئەم وڵاتەیە، یەک بە یەک و لە هەر شوێنێک بین بە کورد و هەموو پێکهاتەکانی دیکەوە دەبەستێتەوە، بۆیە با ئەمڕۆ بە هەڵکردنی ئاڵای کورستان لە ناو خۆماندا بەڵێن بدەین بەسەر دووبەرەکیدا زاڵ بین، ڕێز لە جیاوازییەکانمان بگرین". 

سەرۆکی هەرێم لە درێژەی قسەکانیدا وتی" هیوادارم کوردستان ببێتە ماڵی پێکەوە ژیان و مۆدێلی لێبوردەی لەنێو گەلانی ناوچەکە و جیهاندا". 


PM:03:04:17/12/2023