تەندروستی سلێمانی هۆشداری دەداتە هاوڵاتیان دەربارەی پەتایەکی وەرزی

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، "پەتایەکی وەرزی بڵاوبووەتەوە و داوا لە هاوڵاتیانیش دەکات لەكاتی توشبوون بە پەتاکە پشوو بدەن و شلەمەنییەكان بخۆنەوە و دیارترین نیشانەكانی بریتیە لە تا و ئازاری جەستە و ماسولكە" .

ئەمڕۆ هەینی ٢٢ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٣، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، "پەتای ئەنفلۆنزای وەرزی نەخۆشیەكی درمی ڤایرۆسیە و دەبێتە هۆی هەوكردنی كۆئەندامی هەناسە و لەڕێگەی تێكەڵاویی و نزیكبونەوە و بەركەوتنی پرژی كۆكە و پژمەی كەسی توشبووەوە دەگوازرێتەوە، هەبوونی تا و ئازاری جەستە و ماسولکە و کۆکە و پژمین و هەوکردنی قورگ و ئارەقکردنەوە و سەرئێشە و گێژبوون و هەستکردن بە ماندوێتی نیشانەکانی تووشبوون بەو پەتایەن".

ئەوەشی خستووەتە روو، پێویستە کەسانی تووشبوو ڤاکسینی دژە ئەنفلۆنزای وەرزی بە بەردەوامی بەکاربهێنن و بەردەوام دەستیان بە خاوێنی بهێڵنەوە و لە شوێنە قەرەباڵغەکان دووربکەونەوە بۆ رێگریکردن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی پەتاکە.

ئاماژەی بەوەشداوە،  پێویستە کەسی تووشبوو دوربكەوێتەوە لە دەست لێدانی راستەوخۆ لەچاو و دەم و لەکاتی پژمین و كۆكەدا کلێنکس بەکاربهێنێت و لەشوێنە قەرەباڵغەكان دوور بکەوێتەوە.


PM:04:52:22/12/2023