کۆبانێ: تورکیا سەقامگیری ڕۆژئاوای کوردستانی تێکداوە

فەرماندەی‌ گشتی هێزەكانی‌ سووریای‌ دیموكرات (هەسەدە) ڕایدەگەیەنێت" داوا لە دەوڵەتى توركیا دەكەم، سەرنجی لەسەر كێشە ناوخۆییەكانی خۆی بێت و لە سنوورەكانی خۆیدا ئەو كێشانە چارەسەر بكات"، دەشڵێت" تورکیا سەقامگیری ناوچەکەی تێکداوە". 

مەزڵوم کۆبانێ فەرماندەی‌ گشتی هێزەكانی‌ سووریای‌ دیموكرات (هەسەدە)، لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (ئێكس) ڕایگەیاندووە" هێرش و دەستدرێژییەكانی دەوڵەتی توركیا بۆسەر ڕۆژئاوای كوردستان بە قۆناغێکى مەترسیدار دەزانم و ئەم دۆخە زیانێكی گەورە بە خەڵكی مەدەنی دەگەیەنێت و ئاماژەیە بۆ پەرەسەندنی‌ سیاسەتی پاكتاوكردنێكی نوێ". 

کۆبانێ دەشڵێت" فراوانبوونی هێرشەکانی تورکیا زیانی گەورە بە هاوڵاتیانی سیڤیل دەگەیەنێت و سیاسەتی کۆمەڵکوژی بنیاد دەنێت، سەرنجی تورکیا لەسەر بە ئامانجگرتنی ناوچەکان ئاستی نیگەرانی بەرزدەکاتەوە و سەقامگیری دەرەوەی سنور زیاد دەکات". 

مەزڵوم عەبدی لە پەیامەکەیدا داواش لە دەوڵەتی توركیا دەکات کە سەرنجی لەسەر پرسە ناوخۆییەكانی خۆی بێت و لە سنوورەکانی خۆیدا چارەسەریان بكات.

ئاماژەی بەوەشکردووە، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن دەستێوەردان بکەن بۆ رێگریکردن لە تورکیا و پاراستنی سەقامگیری ناوچەکە، بێدەنگبوونی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ مایەی نیگەرانییە.

وتیشی" ئێمە پابەند دەبین بە رێککەوتنەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، لە پێناو ئەوەی دۆخەکە لەوە زیاتر ئاڵۆزتر نەبێت و جەنگی گەورە دروست نەبێت". 


AM:10:01:26/12/2023