رێککەوتنێکی نوێ لەبارەی نەوتەوە لە نێوان عێراق و ئێران واژوو دەکرێت

وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند " ئەمڕۆ هەردوو وەزیری نەوتی عێراق و ئێران لە تاران لەسەر چەند بابەتێکی پەیوەندیدار بە نەوت کۆبوونەوە و چەند رێککەوتنێکیان کردووە".

وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا سەبارەت بە بەڕیوەچوونی کۆبوونەوەی نێوان وەزیری نەوتی عێراق و وەزیری نەوتی ئێران لە تاران، بڵاویکردەوە" لە میانی كۆبوونەوەی حیان عەبدول غەنی، وەزیری نەوتی عێراق و جەواد ئوجی وەزیری نەوتی ئێران لە تاران، تاوتوێی پرسی نەوت لە نێوان هەردوو وڵاتدا كرا، دوای كۆبوونەوەكە هەردوو وەزارەتی نەوتی عێراق و ئێران ڕێككەوتن لەسەر پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ پەرەپێدانی كێڵگە نەوتییە سنوورییە هاوبەشەكانی نێوان هەردوو وڵات".

هەروەها هاتووە" وەزیری نەوتی عێراق لە كۆبوونەوەكەدا جەختی لەسەر قووڵایی پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان هەردوو وڵات كردەوە، هەروەها جەختی لە ڕۆڵی كاریگەری عێراق و ئێران لە ئۆپێك و لە بازاڕە جیهانییەكان كردەوە، چونكە هەردوو وڵات لە پێشەنگی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت و غازدان".

لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق ئەوشخراوەتەروو" بڕیار دراوە بە پێكهێنانی لیژنە بۆ زیادكردن و فراوانكردنی پەرەپێدانی كێڵگە سنوورییە هاوبەشەكانی نێوان هەردوو وڵات، بەپێی یاسا نێودەوڵەتی كە مافەكانی هەر هەردوولا گەرەنتی كراوە، هەروەها لیژنەیەكە لە بواری وەبەرهێنان و كۆكردنەوەی غاز و پیشەسازییەكانی پترۆكیمیایی و وزەی نوێبووەوە كاردەكات".

لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژە بەوەشدراوە کە لەگەڵ ئێران ڕێككەوتن لەسەر نۆژەنكردنەوە و پەرەپێدانی پاڵاوگەكان، جگە لە كاركردن و هاوكاری لە بوارەكانی بەبازاڕكردنی نەوت، هەڵكەندنی بیر نەوت، دابینكردنی بۆری و كەرەستەی یەدەگ، گەڕان بەدوای نەوت، هەندێك بابەتی تر.

دوێنێ سێشەممە حەیان عەبدول غەنی، وەزیری نەوتی عێراق، بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە ئێران و لەو ماوەیەدا لەگەڵ ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكوومەت و وەزارەتی نەوتی ئێران كۆدەبێتەوە.



PM:09:12:27/12/2023