بە فەرمانی سەرۆک وەزیرانی عێراق كێشه‌ی دانیشتوانی گه‌ره‌كی نه‌ورۆزی كه‌ركوك ڕادەگرێت

جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق له‌سه‌ر كێشه‌ی دانیشتوانی گه‌ره‌كی نه‌ورۆزی كه‌ركوك ڕایگەیاند "كه‌ قسه‌ی له‌گه‌ڵ سودانی كردوه‌و هیچ خێزانێك له‌و گه‌ڕه‌كه‌ ده‌رناكرێت"، لە کاتێکدا دوێنێ سوپای عێراق به‌ده‌یان هامه‌ری سه‌ربازی چووبوونه‌ ناو گه‌ڕه‌كه‌كه‌ و دەستیان بەسەر ئەو خانوانەدا گرت.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ ٣ی کانونی دووەمی ٢٠٢٤ شاخەوان عەبدوڵا، جێگری دووه‌می ەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، هیچ خێزانێکی کوردی دانیشتووی گەڕەکی نەورۆزی شاری کەرکوک ناچار بە دەرکردن ناکرێت و ئەو هێزەی سوپای عێراق کە لەو گەڕەکە جێگیر کراوە، دەكشێتەوە.

وتیشی: "چەند هاوڵاتییەکی دانیشتووی گەڕەکی نەورۆزی شاری کەرکوک پەیوەندییان پێ کردووە و له‌ دۆخه‌كه‌ ئاگاداریان كردوه‌ته‌وه‌، لەگەل سەرۆک وەزیرانی عێراق قسەم کرد و بەسوپاسەوە فەرمانی بە وەزارەتی بەرگری کرد کە ئەو هێزەی سوپای عێراق بکشێتەوە و ئەو بابەتە رابگیرێت".  

نزیکەی ٣٧٠ خێزانی کورد لە گەڕەکی نەورۆزی شاری کەرکوک نیشتەجێن ودوێنێ سێشه‌ممه‌ ٢ی كانونی دووه‌می ٢٠٢٤، سوپای عێراق چووە سەر ١٢٢ ماڵی کوردی گه‌ڕه‌كه‌كه‌ و داوای چۆڵکردنی خانووەکانی كرد.
ئه‌و خانوانه‌ لە سەردەمی رژێمی بەعسی پێشوو بە زیادەڕۆ لەسەر زەوی هاوڵاتیانی کورد دروستکراون.


PM:03:17:03/01/2024