عەبدوڵای کوێخا موبارەک رەخنەی تووند لە سەرکردایەتی پارتی دەگرێت

ئەمڕۆ لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراوداعەبدوڵای کوێخا موبارەک رەخنەی توند لە سەرکردەکانی پارتی دەگرێت و دەڵێت" مەمنونتان نیم بە خۆتان و حزب و سەرکردایەتیتان بێمنەت بن ھەرچیتان داوە پێم و بۆم کردووە لێمی بسێننەوە".

عەبدوڵای کوێخا موبارەک لە پەیامەکەیدا رایگەیاندووە" من نەھاتوم لە حزبەکەتان بپاڕێمەوە تا وەرم بگرێت، بەڵکو چەند جارێک لەلایەن بەڕێز دکتۆر کەمال کەرکوکی و لقی ١٩ی چەمچەماڵ لەسەر بانگێشتی ڕێزدار کاک مەسرور بارزانی داوام لێکرا بچمە ڕیزی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە".

دەقی نوسینی عەبدوڵای کوێخا موبارەک بەم شیوەیەیە: 

بۆ ھەموو کەوادر و ئەندام و لایەنگرانی بەڕێزی پارتی، مەمنونتان نیم بە خۆتان و حزب و سەرکردایەتیتان بێمنەت بن ھەرچیتان داوە پێم و بۆم کردووە لێمی بسێننەوە

لە دوای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان و پاشەکشێی دەنگی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای کەرکوک کە چاوەڕوانکراو بوو، دەنگێک بەرز بۆتەوە لە ناو کەوادر و ئەندامانی پارتی دژی ئەوەی نابێت حزبەکەیان خەڵکی تازە وەربگرێت و تەنھا گرنگی بە کادر و ئەندامانی کۆنی خۆیان بدات کە ئەم بیرکردنەوەیە یەکێکە لەو ھەڵە کوشندەیەی لەگەڵ چەند ھۆکارێکی دیکە بۆتە ھۆی پاشەکشێی دەنگی پارتی، ھەموو جار و لە ھەر کۆڕ و کۆبونەوە و مەجلیسێکدا ناوی من بە نمونە دەھێندرێتەوە گوایە پارتی زۆر شتی بۆمکردووە و زۆر گرنگی پێمداوە ھھھ، لێرەدا بۆتانی ڕووندەکەمەوە کە من چۆن بوم بە پارتی و چیم بۆ کراوە و چیم بەسەر ھاتووە لەسەر پارتی بوون.

یەکەم. من نەھاتوم لە حزبەکەتان بپاڕێمەوە تا وەرم بگرێت، بەڵکو چەند جارێک لەلایەن بەڕێز دکتۆر کەمال کەرکوکی و لقی ١٩ی چەمچەماڵ لەسەر بانگێشتی ڕێزدار کاک مەسرور بارزانی داوام لێکرا بچمە ڕیزی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، دوای ئەوەی لەگەڵ جەنابی کاک مەسرور دانیشتین گەیشتم بەو قەناعەتەی ببم بە پارتی بەبێ ھیچ مەرج و داواکاریەک، تەنھا ڕێزم لێبگیرێت و بەس، وەکو ئەوەی کە ئێستا بەڕێزتان دەیگرن و پاداشتی دڵسۆزی و ئەو ھەموو کێشەیەم دەدەنەوە کە لە سێ ساڵی ڕابردودا لەسەر پارتی بوون بەسەرم ھاتووە.

دووەم. تائێستا ھیچ پلە و پۆست و ئیمتیاز و موچە و نەسریە و دوێخانانە و سەیارە و پرۆژەم لە حزبەکەتان وەرنەگرتووە، ئەوەی ھەیە و کراوە پارتی ٦٠٠ گەنجی چەمچەماڵ و کەرکوکی لەسەر داوای من دامەزراندووە کە زۆربەیان کوڕ و ئەندام و لایەنگری خۆتانن و ڕەنگە ھەر بیست کەسێکی لە خزم و خێزانی من بێت، ئەوانیش چونەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و وان لە ئەرکی سەربازی خۆیان لە میحوەری پردێ نەک لە ماڵەکەی من، موچە بۆ خۆیان وەردەگرن نەک بۆ من، دەنگدەر و پشتیوانی حزبەکەی ئێوەن نەک ھی من.

سێیەم. لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردودا زۆرترین کێشەی سیاسی، یاسایی، کۆمەڵایەتی، ئەمنی و ئیداریم بۆ دروستکراوە لە سنورەکەی خۆم تا ئەو ئاستەی کراوم بە قاتیل و پیاو کوژ، تائێستا سێ گەنجمان بە سیناروێی جیاجیا کوژراوە کە یەکێکیان کوڕی خۆمە، چەندین گەنجمان بریندار کراوە، کەسێک لە نزیکەکانی من نەماوە بە شەوان تەقە لە ماڵی نەکرابێت لە چەمچەماڵ، ھۆکاری زۆربەی ئەمانەش تەنھا پارتیبونمانە و لق و سەرکردایەتیەکەی خۆتان ئاگاداری وردەکاری ڕووداوەکانن.

لە کۆتایدا ڕێزی ھاوخەباتیم بۆتان ھەیە، ئەگەر ڕەتکردنەوە و پێنەزانینی ئێوە نەبێتە ھۆی ساردبونەوەمان، ھەموو ئەو زەخت و فشارانەی باسمکرد کارمان تێناکات و پاشگەزمان ناکاتەوە لە بەڵێنی خۆمان کە بەوپەڕی قەناعەت و دڵسۆزیەوە ھەڵبژاردنی ڕێگا و ڕێبازی پارتی و بارزانیە.

ھەر شاد و وشیار بن
براتان عەبدوڵلای کوێخا موبارەک



PM:12:24:04/01/2024