لە ئێران سزای لە سێدارەدانی بەندکراوێکی کورد جێبەجێکرا

سزای لە سێدارەدانی بەندکراوێکی کوردی خەڵکی شاری کەنگەڤەر سەر بە پارێزگای کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە بەندیخانەی ناوەندی شاری هەمەدان جێبەجێکرا. 

بەپێی هەواڵێکی ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، سەعید عەلی مورادیان خەڵکی شاری کەنگاوەر لە بەندیخانەی ناوەندی شاری هەمەدان لە سێدارەدرا. 

هەنگاو لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو بەندکراوە سێ ساڵ پێش ئێستا بە "تۆمەتی ماددە هۆشبەرەکان" دەستگیرکرابوو، دواتر لەلایەن دادگای شۆڕشی شاری هەمەدان سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا. 

بەپێی ئامارێکی ڕێکخراوی هەنگاو، لە ماوەی چوار ڕۆژی سەرەتای ساڵی (٢٠٢٤)، سزای لە سێدارەدانی لانی کەم (١٢) بەندکراوی کە حەوت کەسیان کورد بوون لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا جێبەجێکراوە. 


AM:08:32:05/01/2024