" کێشەی گەڕەکی نەورۆزی کەرکوک چارەسەر کرا "


وەزیری دادی عێراق رایدەگەیەنێت" كێشەی گەڕەكی نەورۆز لە كەركوك لە رووی یاسایی و كارگێڕییەوە كۆتاییهات".

خالید شوانی وەزیری دادی عێراق ئەمڕۆ شەممە لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" لەلایەن وەزارەتی بەرگریی عێراقەوە كێشەی گەڕەكی نەورۆز لە كەركوك لە رووی یاسایی و كارگێڕییەوە كۆتاییهات و بڕیارە نوێنەری ئەو گەڕەكە سبەی لەگەڵ ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و ئەو لیژنەیەی بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە پێكهێندراوە كۆبوونەوە ئەنجامبدەن".

لە درێژەی لێدوانەکەیدا راشیگەیاند" لە ئێستادا لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لەسەر هێڵین بە مەبەستی تەمیلكردنی خانووەكانی گەڕەكی نەورۆز لە كەركوك بەپێی یاسا و جێبەجێكردنی داواكاریی دانیشتووانی ئەو گەڕەكە".

ماوەی نزیکەی سێ هەفتەیە سوپای عێراق لە هەوڵدایە کورادنی گەڕەکی نەورۆزی کەرکوک لە ماڵەکانیان بە بیانویی خاوەندارێتی ئەو زەویە بۆ سوپا دەگەڕێتەوە، دەربکات، بەڵام خەڵکەکەی دەستیان بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی کرد و رێگریان لەو هەوڵەکرد، دواتر بەرپرسانی کورد لە بەغدا هاتنە سەرخەت و کێشەکە بەرەو چارەسەر دەڕوات. 



AM:12:28:14/01/2024