لە سۆران كەسێك بە تۆمەتی هەڕەشەكردن لە ئافرەتان دەستگیركرا

ئاسایشی قەزای سۆران دەستگیرکردنی هاوڵاتییەکی ڕاگەیاند كه‌ لاپه‌ڕه‌یه‌كی له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌ ناوی (حه‌مه‌ بارزانی)یه‌وه‌ دروستکردووە و "هەڕه‌شەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی لە چەندین ئافرەت کردووە".

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی قەزای سۆران لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" رۆژی ٢٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ دوای تۆمارکردنی چەندین سکاڵا لە لایەن هاوڵاتییانەوە لەسەر کەسێک کە پەیجێکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە ناوی (حەمە بارزانی) دروستکردبوو کە هەڕەشەی لە چەندین ئافرەت کردبوو و هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆکانیانی لێکردبوون بەرامبەر بە پێدانی پارە". 

ئەوەش هاتووە" دوای هەوڵ و بە دواداچوونێكی زۆر رۆژی ١٣ی ئەم مانگە لەسەر فەرمانی دادوەر بەپێی ماددەی ٢ی یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی، توانرا هاووڵاتی (م.ڕ.ح) دانیشتوی هەولێر دەستگیربكرێت".

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە" تۆمەتباری داواکراو دانی بە تەواوی ئەو هەڕەشانەدا نا کە لە هاوڵاتیانی کردبوو کە خاوەنی چەندین ئەکاونتی جیاجیا بووە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بۆ ئەم بابەتە بەکاریهێناون و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە و رێکاری یاسایی بەرامبەر گیراوەتەبەر". 


PM:11:10:14/01/2024