ئەنجومەنی ئاسایش لەبارەی هێرشەکەی ئێران بۆسەر هەولێر ڕوونکردنەوە دەدات

سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم لەبارەی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆسەر هەولێر رایدەگەیەنێت" بۆ ئاشکراکردنی راستییەکان هەموو هاوکارییەکی لیژنەی حکومەتی عێراق دەکەین". 

سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە لە روونکردنەوەیەکدا بڵاویکردەوە" دوای ئەو هێرشە مووشەکییە ترسنۆکانەی سەر هەولێر و کاردانەوەی توندی حکومەتی فیدراڵ لە ئیدانەکردن و پێکهێنانی لێژنەی لێکۆڵینەوە، هەندێ دامودەزگای سەر بە ئێران بە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و وێنەی ساختە و ناپەیوەندیدار، دەستیان بە چەواشەکاری کردووە تاکو پاساو بۆ کردارە دڕندانەکەیان بێننەوە". 

دەشڵێت" دامودەزگاکانی هەرێم هەموو هاوکارییەکی ئەو لێژنەیە دەکەن کە لە لایەن حکومەتی فیدراڵی پێکهاتووە و زۆر ئاشکرایە کە ئەم هێرشە خەڵکی سڤیلی هەرێمی کوردستانی کردۆتە ئامانج و ئەم هەوڵانەش ناتوانن ئاراستەی ڕای گشتی تووڕەی هەرێم و عێراق لە بەرامبەر ئەو تاوان و پێشێلکارییە بگۆڕن". 

لە بەشێکی دیکەی روونکردنەوەکەدا هاتووە" هەرێمی کوردستان پابەندی دەستوور و یاساکانی عێراق و هەرێمە و ئەو بەشەی هێزی هاوپەیمانانیش کە لە هەرێمی کوردستان بوونی هەیە بە ئاگاداری و رەزامەندی حکومەتی فیدراڵییە". 

ئاماژە بەوەشکراوە، پێویستە لە ئاستی ناوخۆی عێراق و لە ئاستی نێوەدەوڵەتیش هەنگاوی ڕژد بنرێت تاکو سەروەری عێراق و هەرێم بپارێزرێت و هاوڵاتییان لە مەترسی ململانێ ناوچەییەکان بپارێزن.


PM:01:16:17/01/2024